ئۆپۆ و ڤیڤۆ بەیەکەوە گیمبڵ دروست دەکەن بۆ ڕکابەرایەتیکردنی DJI
لە ناوخۆی کۆمپانیای (BBK Electronics)، دوو تیمی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی سەربەخۆ خەریکی دروستکردنی هەمان کامێران، کۆمپانیای ئۆپۆ (Oppo) گیمبڵێکی قەبارە بچووکی (پۆکێت)ی لەژێر پەرەپێداندایە کە ناوی نهێنی "Fuyao"یان بۆ هەلبژاردووە. کۆمپانیای ڤیڤۆش (Vivo) ئامێری "Vivo Pocket"ی بەدەستەوەیە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان هەستەوەرێکی ٢٠٠ مێگاپیکسڵی سۆنی لەسەر جێگیر کراوە و بڕیارە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٦دا ڕابگەیەنرێت.
هەردوو ئامێرەکە ڕاستەوخۆ هەمان ئامانج هەیە کە ئەویش زنجیرەی (Osmo Pocket)ی کۆمپانیای DJI یە، ئەو ئامێرەیە ساڵانێکە بازاڕی کامێرای گیمبڵی بچووکی کۆنترۆڵ کردووە.
کاتی ئەم هەنگاوە، چ بە پلان بێت یان بە ڕێکەوت، ڕێک لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای DJI لە دۆخێکی هەموار دایە. گوشارە ڕێکخراوەیی و یاساییەکان لە ئەمریکا وایانکردووە کە فرۆشیاران و دروستکەرانی ناوەڕۆک و ڤیدیۆ لە وەبەرهێنانی درێژخایەن لەسیستمی DJIدا دوودڵ بن، لە لایەکی تریشەوە کۆمپانیای (Insta360) کە تا ئێستا باوەڕپێکراوترین ڕکابەر بووە، بە توندی بەرەو بازاڕی ئاستبەرز (Premium) هەنگاو دەنێت لە ڕێگەی ئامێری (Luna Ultra) کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای لایکا (Leica) گەشەی پێداوە، کۆمپانیای BBKیش، بە ئەنقەست بێت یان نا، لە یەک کاتدا دوو ئەسپی بەرەو ڕووی ئەم بازاڕە تاو داوە.
پرۆژەکەی ئۆپۆ: ئامێری (Fuyao)ی ئۆپۆ پشت بە گیمبڵێکی ٣-تەوەرەیی بچووک دەبەستێت، کۆمپانیاکە دەیەوێت لە ڕێگەی ژیریی دەستکردی هاژمارکاریی ڤیدیۆییەوە، بۆشایی نێوان کامێرای مۆبایلە پێشکەوتووەکان و ئامێرەکانی ڤلۆگینگ پڕ بکاتەوە.
ئەم ستراتیژییە پشت بە باکگراوندێکی بەهێز دەبەستێت؛ بەو پێیەی ئۆپۆ پێشتر لە مۆبایلی (Find X9 Ultra)دا توانای ئەندازیاریی خۆی لە جێگیرکردنی سیستمی وێنەگرتنی ئاڵۆز لە قەبارەیەکی بچووکدا سەلماندووە،لێرەدا ئایا ئەم شارەزاییە سەرکەوتووانە دەگوازرێتەوە بۆ سەر جۆرە ئامێرێکی نوێ، لە کاتێکدا چاوەڕوانیی کڕیاران لەژێر کاریگەریی ساڵانێک لە ئەزموونی وێنەگرتنی بێخەوشی کۆمپانیای DJIدایە
پرۆژەکەی ڤیڤۆ: کۆمپانیای ڤیڤۆ ڕێگایەکی قوڵتری لە ڕووی تایبەتمەندییەکانەوە دەگرێتەبەر، بە جۆرێک نموونەی سەرەتایی ئامێرەکەی هەستەوەرێکی (Sony LYT-901)ی قەبارە ١/١.١ ئینجی تێدایە جێگیرکراوە، کە توانای گرتنی ڤیدیۆی جێگیری ٢٠٠ مێگاپیکسڵی هەیە، ئەمەش لادانێکی بەرچاوە لە پێوانەی ئێستای کامێراکانی گیمبڵ کە هەستەوەری ١ ئینجی بە مێگاپیکسڵی کەمتر بەکاردێنن، ئەم هەستەوەرە هەمان ئەو هەستەوەرەیە کە هێز دەدات بە مۆبایلە پێشەنگەکانی ئێستای ڤیڤۆ، ئەمەش بەو مانایەیە کە توانای نزیککردنەوەی بێ تەڵخی هەیە (lossless zoom) و کارایی باشی لە ڕووناکی کەمدا هەیە. ڤیڤۆ دەیەوێت بگاتە کوالیتی ئاستی DJI و سەروتر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرهەمێکی گرانبەها و نایاب نەک بەرهەمێکی هەرزان و گونجاو بۆ بودجە کەمەکان، و بەپێی ڕاپۆرتەکانیش لە ئێستاوە یەکە سەرەتاییەکان دراونەتە دەست دروستکەرانی ناوەڕۆک بۆ تاقیکردنەوە.

ستراتیژییە قووڵەکە لێرەدا ئەوەیە کە کۆمپانیای BBK بە ڕاستی گرەو لەسەر چی دەکات، کێشە یاسایی و ڕێکخراوەییەکانی DJI لە ئەمریکا بە بێدەنگی کۆتاییان نایەت، و ئامێری (Luna Ultra)ی کۆمپانیای Insta360یش، کە لەگەڵ لایکا پەرەی پێدراوە و نرخەکەشی بەپێی ئەوە دیاری کراوە، بەرەو لای کڕیارانێک دەڕوات کە دروستکەرانی ناوەڕۆکی ئاسایی ناتوانن بە ئاسانی بڕی پارەکەی دابین بکەن، ئەو ناوچە ناوەندییە واتە تایبەتمەندی وێنەگرتنی نایاب بە نرخێک کە پێویستی بە پاساوی بازرگانی نەبێت، ڕێک ئەو شوێنەیە کە ئۆپۆ و ڤیڤۆ تێیدا جێگیر دەبن، چ کۆمپانیای BBK پلانی بۆ ئەم جوڵە دوو قۆڵییە داڕشتبێت یان بە ڕێکەوت تێی کەوتبێت بیرۆکەکە دروستە، تەنها شتێک کە ماوەتەوە بسەلمێنرێت، چۆنیەتی جێبەجێکردنەکەیەتی.