کۆین بەیس دەڵێت لەسەر بڕگەیەکی سەرەکیی یاسای کریپتۆ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن
کۆینبەیس و بانکەکان لەسەر پڕۆژەیاسایەکی نوێی ئەمریکا ڕێککەوتن؛ بەپێی ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیاکانی کریپتۆ دەتوانن پاداشت بدەنە کڕیارەکانیان بەڵام بە شێوەیەک نەبێت کێبڕکێی سوودی بانکی بکات.
کۆمپانیاى کۆینبەیس (Coinbase) ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێک لەسەر بڕگەیەکی سەرەکی لە یاسایەکی تایبەت بە کریپتۆدا کراوە، ئەمەش دەکرێت ڕێگەکە خۆش بکات بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەرەو پێش بچێت.
پڕۆژەیاساکە لە سەرەتای ئەمساڵدا پەکی کەوتبوو؛ چونکە بانکەکان ڕازی نەبوون کۆمپانیاکانی کریپتۆ ڕێگەیان پێ بدرێت "قازانج و پاداشت" بدەنە ئەو کەسانەی ستەیبڵکۆین بەکاردەهێنن، بانکەکان ترسی ئەوەیان هەبوو کە خەڵک پارەکانیان لە بانک دەربهێنن و بیبەن بۆ کەرتی کریپتۆ، ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی بانکەکان پارەی کەمتریان لەبەردەستدا بێت بۆ ئەوەی قەرز بە خەڵک بدەن، زەبەلاحەکانی بواری کریپتۆ، وەک کۆینبەیس، پێیانوایە دەبێت بتوانن پاداشت پێشکەش بکەن بۆ ڕاکێشانی کڕیار، و قەدەغەکردنی ئەوە کارێکی دژە-کێبڕکێیە.
فەریار شیرزاد، بەرپرسی باڵای سیاسەتەکان لە کۆینبەیس، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی:
"لە کۆتاییدا، بانکەکان توانییان سنووربەندی زیاتر بخەنە سەر پاداشتەکان، بەڵام ئێمە پارێزگاریمان لەوە کرد کە گرنگە؛ ئەویش توانای ئەمریکییەکانە بۆ بەدەستهێنانی پاداشت، لەسەر بنەمای بەکارهێنانی ڕاستەقینەی پلاتفۆرم و تۆڕەکانی کریپتۆ."
کەناڵی هەواڵیی (Punchbowl News) دەقی ڕێککەوتنەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لە یاسا نوێیەکەدا قەدەغەیە کۆمپانیاکانی کریپتۆ پاداشتێک بدەن بە خەڵک کە ڕێک وەک "سوودی بانکی" بێت، واتە نابێت شێوازی پاداشتەکەیان وەک ئەوە بێت کە بانکەکان بۆ پارەی پاشەکەوتکراو دەیدەن بە کڕیارەکانیان
هەروەها پانچبۆڵ نیوز ئاماژەی بەوەش کردووە یاساکە داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکات کۆمەڵێک ڕێسای نوێ بۆ ستەیبڵکۆین دابنێن، وەک ڕوونکردنەوەی زانیارییەکان بۆ خەڵک و دیاریکردنی ئەوەی چ جۆرە پاداشتێک ڕێگەی پێدراوە.
کۆمپانیاکانی کریپتۆ تا ئێستا لە دۆخێکی نادیاردا کاریان کردووە، چونکە یاسایەکی ڕوون نەبووە بۆیان، ئەمەش بە وتەی بەڕێوەبەرەکانیان زیانی بە کارەکانیان گەیاندووە، پڕۆژەیاسای (Clarity Act) دەیەوێت یاسای ڕوون و ئاشکرا دابنێت بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر متمانە بە بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان بکەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، لە کاتی بانگەشەکانیدا داوای پشتیوانی دارایی لە کەرتی کریپتۆ کردبوو و تەنانەت خێزانەکەشی پڕۆژەی تایبەتی خۆیان لەم بوارەدا هەیە، بکیە چاکسازیی لە یاساکانی کریپتۆ یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا.