تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئوسترالیا بۆ کەسانی خوار تەمەنی 16 ساڵ قەدەغەکران

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئوسترالیا بۆ کەسانی خوار تەمەنی 16 ساڵ قەدەغەکران

نیسان 4, 2025 - 04:45
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئوسترالیا بۆ کەسانی خوار تەمەنی 16 ساڵ قەدەغەکران

پاش مشتومڕ و ڕەخنەیەکی زۆر، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی ئوسترالیا بە فەرمی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی بۆ کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەغە کرد. ئەمە بە یەکێک لە قورسترین یاساکان دژی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا دادەنرێت تاوەکو ئێستا و بە پێی یاسای ئوسترالیا هەر کۆمپانیایەک لەو وڵاتە پابەند نەبێت بە یاسا نوێیەکە، بە بڕی 32 ملیۆن دۆلار سزا دەدرێت.

یاسا نوێیەکە کۆمپانیاکانی وەکو تیکتۆک و خاوەنی ئینستەگرام و فەیسبوکیش دەگرێتەوە و ئەوان ناچار دەبن کە بە شێوازێک ڕێگری لە بەکارهێنەری خوار تەمەنی یاسایی بکەن. تاقیکردنەوەی شێوازەکانی جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە ساڵێک دەخایەنێت.

لەگەڵ ئەوەی کە دەرکردنی ئەو یاسایە بۆتە جێی ڕەخنەی هەندێک لایەن، وەکو داکۆکیکارانی مافی منداڵان، بەڵام بەپێی ڕاپرسییەک 77٪ـی خەڵکی ئوسترالیا ڕەزامەندی خۆیان بۆ ئەو یاسایە دەردەبڕن و پێیان وایە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە پاراستنی هەرزەکاران لە نەخۆشی دەروونی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی سۆشیاڵ میدیا. جگە لەوانە وتەبێژی مێتا ڕایگەیاند کە ڕێز لە یاساکانی وڵاتی ئوسترالیا دەگرێت، بەڵام نیگەرانە لە پڕۆسەکە و یاساکە بەخێرایی و بەبێ ڕەچاو کردنی دەنگی گەنجان دەرکرا؛ هەروەها ئیلۆن مەسکیش پێشتر لە تویتێکدا ناڕەزایی خۆی بۆ یاساکە دەربڕیوە.

پێشتر چەند یاسای هاوشێوە لە فەرەنسا و چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا دەرکراوە کە کەسانی خوار تەمەنی یاسایی نەتوانن بەبێ مۆڵەتی دایک و باوکیان تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەکاربهێنن، بەڵام یاساکەی ئوسترالیا قەدەغەکردنێکی تەواوە و دەتوانێت ببێت بە ڕێگاخۆشکەرێک بۆ ئەوەی کە ئەو یاسایە لە وڵاتانی تریش دەربکرێت.