کۆتایی سەردەمێکی زێڕین؛ "باوکی ئینتەرنێت" ماڵاوایی لە جیهانی تەکنەلۆژیا دەکات
ڤینتۆن سێرف کە بە یەکێک لە گرنگترین تەلارساز و داهێنەرەکانی پرۆتۆکۆلە سەرەکییەکانی ئینتەرنێت وەک TCP/IP دادەنرێت، لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا و پاش زیاتر لە بیست ساڵ کارکردن وەک جێگری سەرۆک و گەورە مژدەدەری ئینتەرنێت لە گوگڵ، خانەنشینبوونی خۆی ڕاگەیاند. سێرف لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەگەڵ هاوکارەکەی، ڕۆبێرت کان، بناغەی ئەو تۆڕە جیهانییەیان داڕشت کە ئێستا ژیانی مرۆڤایەتی لەسەر وەستاوە، و بەهۆی ئەم شۆڕشە تەکنەلۆژییەشەوە بەرزترین خەڵاتە زانستی و نیشتمانییەکانی وەک «خەڵاتی تورینگ» و «مەدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی» پێبەخشراوە. کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە گوگڵ لە لایەن زانایانی بواری کۆمپیوتەرەوە لە کۆنفرانسی Open Frontier بە چەپڵەڕێزان و ڕێزلێنانێکی گەرمەوە پیرۆزبایی لێکرا.
سێرف لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا، تیشکی خستە سەر داهاتووی تەکنەلۆژیا و پێشبینی کرد کە سەرهەڵدانی بریکارەکانی ژیریی دەستکرد (AI Agents)، کۆمپانیاکان ناچار دەکات بگەڕێنەوە سەر سیستمە ستانداردەکان و پرۆتۆکۆلە هاوبەشەکان. ئەو هۆشداریی دا کە پشت بەستن بە زمانی سروشتیی مرۆڤ (وەک ئینگلیزی) بۆ پەیوەندی نێوان سیستمەکانی ئەی ئای مەترسیدارە، چونکە زمانی مرۆیی ناڕوونی تێدایە و دەکرێت پەیامەکان بشێوێنێت. لەبەر ئەوە، ئەو پێی وایە پێویستییەکی حەتمی بە زمانێکی کۆمپیوتەریی زۆر ورد و ستاندارد هەیە بۆ ئەوەی سیستمەکان بە تەواوی لە مەبەستی یەکتر تێبگەن.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، ئامادەبووان سهرنجی خۆیان لەسەر ستایلی جلوبەرگی فەرمیی سێرف لە سەردەمی خوێندکاریدا (حەفتاکان) خستە ڕوو .لە کاتێکدا کە لەو سەردەمەدا زۆربەی گەنجان قژیان درێژ دەکردەوە و خەریکی مۆدێلە باوەکانی ئەو کاتە بوون، سێرف بە پۆشینی قاتی سێ پارچەیی و بەستنی بۆینباخ و ئێلەک دەچووە زانکۆ. ئەو خۆی ئاماژەی بەوە کرد کە هەمیشە حەزی کردووە بە شێوازێکی جیاواز و کلاسیک دەربکەوێت، کە ئەمەش هەر لە گەنجییەوە وەک نیشانەیەک بۆ کەسایەتییە ناوازە و کاریگەرەکەی لە مێژووی تەکنەلۆژیادا ماوەتەوە.