نێتفلیکس پشت بە ژیری دەستکرد دەبەستێت بۆ باشترکردنی ئەزموونی تەماشاکردن
پلاتفۆرمی نێتفلیکس ڕایگەیاند کە بە بەهێزی بەردەوامە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردی دروستکەر، و پێی وایە ئەم تەکنەلۆژیایە گۆڕانکاری دەهێنێت لە ئامرازەکانی داهێنان، نەک لە ناوەڕۆکی خۆی. کۆمپانیاکە لە ڕاپۆرتی داهاتی وەرزانەیدا جەختی کردەوە کە ئامانجەکە جێگرتنەوەی هونەرمەندان یان نووسەران نییە، بەڵکو بەهێزکردنیانە بۆ کارکردن بە شێوەیەکی کارامەتر و داهێنەرانەتر.
بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە بەرهەمەکاندا
نێتفلیکس بۆ یەکەم جار ژیری دەستکردی بەکارهێناوە لە زنجیرەی ئەرجەنتینی “The Eternaut” بۆ دروستکردنی دیمەنێکی ڕووخانی بینایەک. هەروەها دروستکەرانی فیلمی “Happy Gilmore 2” ئەم تەکنەلۆژیایەیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کەسایەتییەکان گەنجتر دەربکەون، لە کاتێکدا بەرهەمهێنەرانی زنجیرەی “Billionaires’ Bunker” هەمان ئامرازەکانیان بەکارهێناوە بۆ دیزاینکردنی جلوبەرگ و دیکۆر پێش دەستپێکردنی بەرهەمهێنان.
جێگای مرۆڤ ناگرێتەوە
تێد ساراندۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نێتفلیکس، ڕوونی کردەوە کە ژیری دەستکرد دەتوانێت ئامرازی بەهێزتر بداتە دەستی داهێنەران بۆ باشترکردنی ئەزموونی تەماشاکردن، بەڵام چیرۆکی گەورە دروست ناکات مەگەر هونەرمەندێکی گەورە لە پشتەوە بێت. ئەو جەختی کردەوە: “دڵنیاین کە زیرەکی دەستکرد یارمەتیمان دەدات و هاوبەشە داهێنەرەکانمان لە گێڕانەوەی چیرۆکەکان بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر، بەڵام تەنها بۆ نوێبوونەوە بەکاری ناهێنین.”
نیگەرانی هونەرمەندان و کاریگەری سۆرا 2
لەگەڵ ئەوەی مشتومڕ لەسەر زیرەکی دەستکرد لەناو ناوەندە هونەرییەکاندا بەردەوامە، بەتایبەتی لەگەڵ ترسی هونەرمەندان لە بەکارهێنانی کارەکانیان بۆ ڕاهێنانی مۆدێلە زمانییەکان بەبێ ڕێگەپێدان، وادیارە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان بەرەو بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەچن لە کاریگەرە بینراوەکاندا زیاتر لە جێگرتنەوەی ئەکتەرەکان. ئەم نیگەرانیانە دووبارە زیادیان کرد دوای ڕاگەیاندنی OpenAI لەسەر مۆدێلی نوێی سۆرا 2 کە دەتوانێت بڕگەی دەنگ و ڤیدیۆی ڕاستەقینە دروست بکات، کە ڕەخنەی یەکێتی ئەکتەرانی ئەمریکا و ئەکتەری ناسراو بریان کرانستۆنی لێکەوتەوە.
داهاتی نێتفلیکس
کاتێک پرسیار لە ساراندۆس کرا لەسەر کاریگەری سۆرا لەسەر داهاتووی نێتفلیکس، ئەو وتی: “نیگەران نین کە ژیری دەستکرد جێگای داهێنانی مرۆڤ بگرێتەوە.” داهاتی نێتفلیکس لە وەرزی کۆتایی بە ڕێژەی 17% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 11.5 ملیار دۆلار، بەڵام کەمتر بوو لە چاوەڕوانی کۆمپانیاکە.