گۆڕانی ستراتیژیی OpenAI : هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی وۆڵ ستریت
کۆمپانیای OpenAI بە سەرۆکایەتی سام ئاڵتمان، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە پلانی خەرجییەکانیدا کردووە و دەستی هەڵگرتووە لە خەرجکردنی بێسنوور بۆ ژێرخانی تەکنەلۆژی. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیاکە لە بازاڕە گشتییەکاندا (IPO) لە کۆتایی ئەم ساڵدا، بە ئامانجی سەلماندنی "بەرپرسیارێتی دارایی" بە وەبەرهێنەرانی وۆڵ ستریت.
لەبری ئەوەی کۆمپانیاکە خۆی ببێتە بونیادنەری سەنتەری زەبەلاحی داتاکان (کە پڕۆسەیەکی کاتبر و پڕ تێچووە)، بڕیاری داوە پشت بە کڕینی خزمەتگوزارییە هەورییەکان (Cloud) لە کۆمپانیاکانی وەک مایکرۆسۆفت، ئۆراکڵ و ئەمازۆن ببەستێت. ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە هات کە کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی لۆجیستی و سستی لە دابینکردنی وزە و پێداویستییەکان بووەوە، بۆیە ئێستا دەیەوێت خەرجییەکانی لەگەڵ گەشەی داهاتەکەیدا هاوسەنگ بکات کە چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ٦٠٠ ملیار دۆلار.