سەرۆکی چین بانگەواز لە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی جیهانی بۆ زیرەکی دەستکرد دەکات
سەرۆکی چین شی جین پینگ لە کۆبوونەوەی سەرۆکانی فۆرمی هاوکاری ئابووری ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمن (ئاپێک) لە ڕۆژی شەممە، پێشنیاری دامەزراندنی دەسەڵاتێکی جیهانی بۆ ڕێکخستنی زیرەکی دەستکردی خستە ڕوو. ئەمە یەکەم جار بوو کە سەرۆکی چین باس لەم دەستپێشخەرییە دەکات کە پێکین ئەمساڵ ئاشکرای کردووە، لە کاتێکدا ئەمریکا ئەو هەوڵانەی ڕەتکردۆتەوە کە ئامانج لێی ڕێکخستنی زیرەکی دەستکردە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکاندا.
شی جین پینگ گوتی کە ڕێکخراوێکی جیهانی بۆ هاوکاری لەسەر زیرەکی دەستکرد دەتوانێت یاسای حوکمڕانی دابنێت و هاوکاری بەهێزبکات، ئەمەش وا دەکات زیرەکی دەستکرد ببێتە “سوودێکی گشتی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”. ئەو زیادی کرد: “زیرەکی دەستکرد گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ گەشەی داهاتوو و پێویستە بەکاربهێنرێت بۆ بەرژەوەندی گەلانی هەموو وڵات و هەرێمەکان.”
بەرپرسانی چینی ڕایانگەیاندووە کە ئەم ڕێکخراوە دەتوانێت شاری شانگهای، کە سەنتەری بازرگانی چینە، وەک ناوەندی سەرەکی بێت. سەرۆک ترامپ ئامادەی لوتکەی سەرۆکانی ئاپێک نەبوو کە لە شاری گیۆنگجۆی کۆریای باشوور بەڕێوەچوو، چونکە ڕاستەوخۆ پاش دیداری خۆی لەگەڵ شی گەڕایەوە بۆ واشنتۆن.
گفتوگۆکانی دوو سەرۆک بوو بە ڕێککەوتنێک بۆ ماوەی یەک ساڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە کۆنترۆڵەکانی بازرگانی و تەکنەلۆژیا کە تەنگژەیی نێوان دوو ئابووری گەورەی جیهان زیادی کردبوو. ئەندامانی فۆرمی ئاپێک لەسەر بیاننامەیەکی هاوبەش و ڕێککەوتنەکان لەسەر زیرەکی دەستکرد و کێشەی پیربوونی دانیشتووان ڕێککەوتن. چین میوانداری لوتکەی ئاپێک لە ساڵی ٢٠٢٦ دەکات لە شاری شێنجێن.