ترەمپ ڕووبەڕووی یەکەم سکاڵا دەبێتەوە سەبارەت بە گرێبەستی تیک تۆک
دوو وەبەرهێنەری ئەمریکی سکاڵایەکی یاسایییان دژی دۆناڵد ترەمپ و داواکاری گشتیی وڵات تۆمار کرد، بە تۆمەتی ئەوەی ڕەزامەندیی ترەمپ لەسەر گرێبەستی فرۆشتنی پشکەکانی تیک تۆک بە کۆمپانیایەکی هاوبەش، پێشێلکردنی یاسای ساڵی 2024ـە. سکاڵاکاران دەڵێن ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە دەدات بە کۆمپانیا چینییەکە (بایت دانس) کە هێشتا کۆنترۆڵی ناوەڕۆک و داتاکانی لەدەست بێت.
پارێزەری کەیسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجیان قەدەغەکردنی تیک تۆک نییە، بەڵکو دەیانەوێت ڕێگری لەوە بکەن ئیدارەی ترەمپ و هاوپەیمانەکانی بتوانن سانسۆر بخەنە سەر ناوەڕۆکی سیاسی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ بڕیاری دا یاسای قەدەغەکردنی تیک تۆک جێبەجێ نەکات و ڕێگەی بە بەردەوامبوونی کارەکانی داوە لە ئەمریکا.