زێڕ لە نزمترین ئاستی هەفتانە دوورکەوتەوە و ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە نزیکەی 4,931 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ بەهۆی کەمبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیبوو. وەبەرهێنەران لە ئێستادا چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکان بۆ وەرگرتنی ئاماژەی نوێ دەربارەی داهاتووی سوودی بانکی، چونکە نزمبوونەوەی ڕێژەی سوود بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
لە لایەکی دیکەوە، بازاڕەکان چاویان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانە، بەتایبەت لێدوانەکانی ئێران و ئەمریکا دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەوڵەکانی ترهەمپ بۆ نێوەندگیری لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا. لە کاتێکدا زێڕ و پلاتین و پەلادیۆم ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە، نرخی زیو بە ڕێژەی 0.6% دابەزی و گەیشتە 56.30 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن لە ماوەیەکی نزیکدا نرخی زێڕ لە نێوان 4,700 بۆ 5,100 دۆلاردا جێگیر بمێنێتەوە.