ڕۆبۆتێکی چینی لە سەرمایەکی زۆردا ١٣٠ هەزار هەنگاوی بڕی
کۆمپانیای چینی "یونیتری" (Unitree) دەستکەوتێکی مێژوویی لە جیهانی تەکنەلۆژیادا تۆمار کرد؛ ڕۆبۆتە مرۆییەکەیان بە ناوی "G1" توانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ یارمەتی مرۆڤ، زیاتر لە ١٣٠ هەزار هەنگاو لە ناوچەیەکی بەفراوی و لە پلەی گەرمیی ٤٧.٤- ژێر سفر بڕوات. ئەم تاقیکردنەوەیە لە هەرێمی "شینجیانگ" ئەنجامدرا، کە بە یەکێک لە ساردترین ناوچەکانی جیهان دادەنرێت.
ئەمە یەکەمجارە ڕۆبۆتێکی هاوشێوەی مرۆڤ بتوانێت لە وەها کەشوهەوایەکی تونددا بۆ ماوەیەکی درێژ و بە بەردەوامی کار بکات. بۆ ئەوەی ڕۆبۆتەکە لە سەرمادا پەککەوتە نەبێت، ئەندازیاران جلوبەرگێکی گەرمی تایبەتیان لەبەر کردووە و مفاڵ و بزوێنەرەکانیان بە پلاستیکی پارێزەر داپۆشیوە، تاوەکو سیستەمی پاتری و هێزەکەی نەیبەستێت.
ئەم دەستکەوتە کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکانی ڕۆبۆت سازی دەباتە قۆناغێکی نوێوە؛ ئێستا چیتر تەنها مەسەلە "ڕۆیشتن" نییە، بەڵکو توانای خۆڕاگرییە لە ژینگەیەکی سەختدا. ئەم سەرکەوتنە دەیسەلمێنێت کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕۆبۆتەکان دەتوانن لە کارە مەترسیدارەکانی ناوچە جەمسەرییەکان و ژینگە زۆر ساردەکاندا جێگەی مرۆڤ بگرنەوە.