کۆپاڵێت بەبێ مۆڵەت نامە نهێنییەکانی خوێندۆتەوە
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دانی بە بوونی کێشەیەکی تەکنیکیدا نا کە ڕێگەی داوە بە یاریدەدەری ژیری "کۆپاڵێت" (Copilot) دەستی بگات بە ناوەڕۆکی ئیمەیڵە نهێنییەکان و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک کورتیان بکاتەوە، ئەمەش بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست و تەنانەت لەو شوێنانەش کە سیستەمی پاراستنی داتاکان (DLP) چالاک بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم کێشەیە (کە بە کۆدی CW1226324 ناسراوە) بووەتە هۆی ئەوەی ژیری دەستکرد دەستی بگات بەو ئیمەیڵە "نێردراو" و "ڕەشنووسانەی" کە وەک نهێنی دەستنیشان کراون. مایکرۆسۆفت ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان بە چاککردنی کێشەکە کردووە، بەڵام ژمارەی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە زەرەرمەند بوون ئاشکرا نەکردووە.
ئەم ڕووداوە نیگەرانییەکی زۆری لە ئەوروپا دروست کردووە؛ بە جۆرێک کە پەرلەمانی ئەوروپا بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیری دەستکردی لەسەر ئامێرەکانی کارکردنی پەرلەمانتاران قەدەغە کرد، لە ترسی دزینی زانیارییە هەستیارەکان بۆ سێرڤەری (Cloud). ئەمەش ئاڵۆزیی پاراستنی تایبەتمەندی لە سەردەمی ژیری دەستکرددا نیشان دەدات.