ململانێی تەکنەلۆجی گەیشتە لووتکە؛ چین بە ٢٩٥ ملیار دۆلار تەحەدای Nvidia دەکات

حوزەیری 16, 2026 - 09:56
ململانێی تەکنەلۆجی گەیشتە لووتکە؛ چین بە ٢٩٥ ملیار دۆلار تەحەدای Nvidia دەکات

کێبڕکێی جیهانی نێوان زلهێزەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و بێپێشینە. لەم چوارچێوەیەدا، چین بڕیارێکی ستراتیژی و مێژوویی وای داوە کە چاوەڕوان دەکرێت تەواوی هاوکێشە و نەخشەی داهاتووی تەکنەلۆژیای جیهانی سەرەوژێر بکاتەوە.

ستراتیژییە گەورەکەی چین؛ دروستکردنی ژێرخانێکی سەربەخۆ

 چین خۆی ئامادە دەکات بۆ لێدانی گورزێکی دارایی و تەکنیکی زەبەلاح؛ بە جۆرێک کە بڕی ٢٩٥ ملیار دۆلار (٢ تریلیۆن یوانی چینی) لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا تەرخان دەکات تەنها بۆ پەرەپێدانی ژێرخانێکی گەورە و بێوێنە بۆ ژیری دەستکرد.

ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە گەورەیەی چین، لە سێ تەوەرەی سەرەکیدا کورت دەبێتەوە؛ یەکەمیان، بونیادنانی داتاسەنتەرە زەبەلاحەکانە لە ڕێگەی دروستکردنی ناوەندی مەزنی کۆکردنەوەی داتا کە لانی کەم ٪٨٠ یان زیاتر پشت بە پێکهاتە و ڕەقەکاڵای ناوخۆیی و خۆماڵی ببەستن. دووەمیشیان، پشتبەستنی ڕەهایە بە چیپەکانی Huawei Ascend، بە جۆرێک کە تەرکیزی سەرەکی دەخرێتە سەر بەهێزکردنی ئەم چیپە ناوخۆییانەی کۆمپانیای هواوی بۆ بەڕێوەبردنی گشت سیستمەکان. لە کۆتاییدا، سەرخستنی ئەم پڕۆژە بەندە بە هاوبەشیی کۆمپانیا دێوەزمەکانی وەک Alibaba و ByteDance، کە بە شێوازێکی بەهێز و ڕاستەوخۆ پێکەوە کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە مەزنە.

ئەمە وەرچەرخانێکی ستراتیژی و مێژووییە بەرەو بەدیهێنانی خۆبژێویی تەواو لە بواری ژیری دەستکرددا، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە پشتبەستن بە پڕۆسێسەرەکانی کۆمپانیای ئێنڤیدیا (Nvidia)ی ئەمریکی.

ململانێی دوو جەمسەرەکە: ئەمریکا لەگەڵ Nvidia، چین بەبێ Nvidia!

لێرەدا هاوکێشە ستراتیژییەکە بە ڕوونی دەردەکەوێت؛ لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خێراییەکی پێوانەیی و بە پشتبەستنی ڕەها بە چیپەکانی کۆمپانیای ئێنڤیدیا (Nvidia) خەریکی پەرەپێدانی سیستمەکانی ژیری دەستکردە، چین بودجەیەکی زەبەلاحی ٢٩٥ ملیار دۆلاری تەرخان دەکات بۆ ئەوەی سیستمێکی هاوشێوە بە تەواوی لە دەرەوەی بازنەی هەژموونی  Nvidiaبنیات بنێت.

بەڵام ڕاستیە شۆککەرەکە لێرەدا کۆتایی نایەت! ئەم بڕە پارە زەبەلاحە تەنها ئەو بەشەیە کە حکومەتی چین بە فەرمی تەرخانی کردووە. تێچووی کۆمپانیا تایبەتەکانی وەک Alibaba، Tencent و ByteDance بە جیاواز و لە دەرەوەی ئەم ژمارەیەیە.

کاتێک تێچووی گرێدان و گونجاندنی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ تۆڕی کارەبای نیشتمانیی وڵاتەکەدا ئەژمار دەکرێت، پێشبینی دەکرێت قەبارەی گشتیی وەبەرهێنانەکە تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە لانی کەم ٨٠٠ ملیار دۆلار. ئەم هەنگاوە تەنها پڕۆژەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو نیشاندانی هێزی تەکنەلۆژی و شاکارێکی ئەندازیارییە بۆ کۆنترۆڵکردنی پاشەڕۆژی دیجیتاڵیی جیهان.