فریپیک ناسنامەی خۆی دەگۆڕێت
کۆمپانیای فریپیک بە فەرمی ناسنامەی خۆی گۆڕی بۆ Magnific؛ ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە کۆگایەکی گرافیکییەوە بۆ ناوەندێکی پێشکەوتووی زیرەکیی دەستکرد (AI) بە مەبەستی پەرەپێدانی کاری داهێنەرانەی دیزاینەران.
کۆمپانیای بەناوبانگی فریپیک (Freepik) بە فەرمی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە براند و ناسنامەی خۆیدا ڕاگەیاند، لەمەودوا لەژێر ناوی نوێی (Magnific) کاردەکات. ئەم هەنگاوە تەنها گۆڕینی ناو و لۆگۆیەکی سادە نییە، بەڵکو گوزارشتە لە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بۆ کۆمپانیاکە کە پێشتر وەک یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی کەرەستە گرافیکییەکان لە جیهاندا دەناسرایەوە، ئێستا ئەم پلاتفۆرمە بەم وەرچەرخانە، هەنگاوێکی گەورەی ناوە بەرەو سەردەمی زیرەکیی دەستکرد (AI) و دەیەوێت لەو بوارەدا پێشەنگ بێت.
ئەم گۆڕانکارییە وەک وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە دیدگای کۆمپانیاکەدا ئەژمار دەکرێت؛ ماگنیفیک لە کۆگایەکی سەرچاوە گرافیکییەکانەوە، بووەتە ناوەندێکی گشتگیر و تەواوکاری داهێنان. پلاتفۆرمەکە لە ئێستادا چەندین مۆدێل و ئامرازی پێشکەوتووی زیرەکیی دەستکردی لەخۆگرتووە، کە ژینگەیەکی نوێ بۆ دیزاینەران دەڕەخسێنێت تا بە شێوازێکی داهێنەرانەتر و خێراتر کارەکانیان بەرهەم بهێنن و لەگەڵ پێداویستییەکانی تەکنەلۆژیای سەردەمدا هاوشان بن.