دۆڕانی پێشوەختەی سناپدراگۆن؛ چۆن Nvidia خەونەکانی کوالکۆمی لە جیهانی ویندۆزدا لەناوبرد؟
بۆ چەندین ساڵە کۆمپانیای کوالکۆم (Qualcomm) هەوڵ دەدات پڕۆسێسەرەکانی بناغەی ARM بۆ سیستەمی ویندۆز جێگیر بکات، بەڵام نەیتوانیوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت. لە بەرامبەردا، ئەپڵ بە چیپەکانی زنجیرەی M و ئێستاش ئێنڤیدیا (Nvidia) بە چیپی شۆڕشگێڕی (RTX Spark)، سەلماندیان کە کێشەکە لە تەکنەلۆژیای ARM خۆیدا نییە، بەڵکو لە شێوازی پەرەپێدان و جێبەجێکردنیدایە.
هاتنە ناوەوەی بەهێزی ئێنڤیدیا بۆ بازاڕی کۆمپیوتەر و پێشکەشکردنی چیپێکی بەهێزی وەک RTX Spark (کە خاوەنی ٢٠ ناوک و ١٢٨ گێگابایت ڕامە)، وایکردووە کە پڕۆسێسەرەکانی سناپدراگۆن لە ڕکابەرییەکەدا بەتەواوی پاشەکشە بکەن. ئێنڤیدیا لە یەکەم هەنگاویدا گەیشتە ئەو سەرکەوتنەی کە کوالکۆم ساڵانێکە خەونی پێوە دەبینێت، ئەم شکستە پێشوەختەیەی سناپدراگۆن لەو ڕاپۆرتە دزەپێکراوانەشدا دەرکەوتووە کە دەریدەخەن کوالکۆم لە قەیرانێکی قووڵدایە.
کێشەکانی پڕۆسێسەری نوێی Snapdragon C
دوای بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەکی دزەپێکراو لەلایەن هەژماری ناسراوی (@lafaiel) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X، بەکارهێنەرانی ویندۆز تووشی شۆک بوون؛ چونکە دەرکەوت پڕۆسێسەرە ئابوورییە نوێیەکەی کوالکۆم بەناوی Snapdragon C، هێزی خۆی لەدەستداوە.
سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ئەم چیپە بازاڕی لاپتۆپە هەرزانەکان (نزیکەی ٣٠٠ دۆلارییەکان) گەرم بکات، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەم پڕۆسێسەرە ٨ ناوکییە هیچ داهێنانێکی تێدا نییە! بەڵکو پشت بە ناوکەکانی (Kryo 670) دەبەستێت کە تەنها کەمێک خێرا کراون؛ ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە، چونکە ئەمە هەمان ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە ٥ ساڵ لەمەوبەر لە مۆبایلە ئاست مامناوەندەکانی وەک Snapdragon 778G دا بەکارهاتووە.
ئاستێکی لاواز لە بەراورد لەگەڵ ڕکابەرەکانیدا
بەپێی تاقیکردنەوە دزەپێکراوەکانی سەکۆی Geekbench، ئاستی یەک ناوکی (Single-Core) ی ئەم پڕۆسێسەرە تەنها ١,٢٠٠ خاڵە، کە دەکاتە تەنها سێیەکی هێزی چیپی A18 Pro کە لەسەر لاپتۆپە ئابوورییەکەی ئەپڵ (MacBook Neo) جێگیر کراوە.
پێشبینی دەکرێت تەنانەت ئاستی هەر ٨ ناوکەکەی Snapdragon C پێکەوە (Multi-Core) کەمتر بێت لە هێزی تەنها یەک ناوکی چیپەکەی ئەپڵ! ئەم هێزە کەمەش وای لێدەکات نەتوانێت بە باشی سیستەمی ویندۆز ١١ و پڕۆسەکانی زیرەکی دەستکرد (AI) بەڕێوە ببات.
گومانەکان و کەمبوونەوەی متمانەی کۆمپانیاکان
هەندێک لە پسپۆڕان پێیان وایە کوالکۆم تەنها ناوی پڕۆسێسەرە کۆنەکانی زنجیرەی Dragonwing ی (کە تایبەتن بە ئینتەرنێتی شتەکان IoT) گۆڕیوە بۆ Snapdragon C بۆ ئەوەی وەک بەرهەمێکی نوێ نیشانی بدات.
ئەوەی ئەم گومانانە زیاتر دەکات، هەنگاوی کۆمپانیای Acer ە بۆ بەکارهێنانی ئەم چیپە لە لاپتۆپی Aspire Go 15 تەنها بە ڕامی ٤ گێگابایت؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆمپانیاکانیش متمانەیان بە هێزی ئەم پڕۆسێسەرە نییە و نایانەوێت تێچووی زۆری لەسەر بکەن.
لە کاتێکدا ئێنڤیدیا بە چیپی RTX Spark سەرگەرمی گۆڕینی هاوکێشەکانە، ئەگەر ئەم زانیارییانەی سەر سناپدراگۆن ڕاست بن، ئەوا لاپتۆپی MacBook Neo ی ئەپڵ (کە نرخەکەی ٥٩٩ دۆلارە) بەتەواوی بازاڕی لاپتۆپە هەرزانەکانی قوتابیان لە ساڵی ٢٠٢٦دا کۆنتڕۆڵ دەکات، مەگەر ئەوەی کۆمپانیای ئینتێل (Intel) بە چیپی چاوەڕوانکراوی (Wildcat Lake) بتوانێت هاوسەنگییەکە بگەڕێنێتەوە.
ئەم دۆخە پرسیارێک دروست دەکات: ئایا کوالکۆم پەلەی نەکرد لە تێکدانی ناوبانگی خۆی، تەنها لەپێناو ڕاکردن بەدوای بازاڕی لاپتۆپە کەم تێچووەکاندا؟