ئەمازۆن لە کاتی گەڕاندا وێنەی دروستکراوی ژیریی دەستکردت پیشان دەدات!

حوزەیری 4, 2026 - 18:45
ئەمازۆن لە کاتی گەڕاندا وێنەی دروستکراوی ژیریی دەستکردت پیشان دەدات!

کۆمپانیای ئەمازۆن (Amazon) بڕیارێکی نوێی ڕاگەیاندووە کە پێدەچێت یەکێک بێت لە سەیرترین و جێی گومانترین بەکارهێنانەکانی ژیریی دەستکرد (AI) تا ئێستا. ئەمازۆن ڕایگەیاندووە کە لەمەودوا لەناو ئەپڵیکەیشنەکەیدا، وێنەی دروستکراوی ژیریی دەستکرد بۆ کاڵاکان پیشانی بەکارهێنەران دەدات کاتێک بەدوای شتێکدا دەگەڕێن. ئەمەش مایەی سەرسوڕمانە؛ چونکە شوێنێک کە خەڵک بۆ کڕینی شتی ڕاستەقینە سەردانی دەکەن، دەیەوێت بە پیشاندانی وێنەی "ناراستەقینە و ساختە" یارمەتی کڕیاران بدات شتەکان بدۆزنەوە!

ئەم تایبەتمەندییە نوێیە چۆن کار دەکات؟

ئەمازۆن لە بلۆگێکی فەرمیدا ڕوونی کردووەتەوە کە زۆرجار کڕیاران شتێکیان لە مێشکدایە بەڵام ناوی ڕاستەقینەی شتەکە یان شێوازەکەی نازانن (بۆ نموونە ناوی جۆرە قوماشێک یان ستایلێکی دیاریکراوی جلوبەرگ).

کاتێک کڕیارەکە وشەیەکی گشتی لە خانەی گەڕاندا دەنووسێت، لە خوار پێشنیارە خۆکارەکانەوە، چەند وێنەیەکی دروستکراوی ژیریی دەستکردی پێشکەش دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر بنووسیت "عەزی شین"، ژیریی دەستکرد چەند مۆدێلێکی جیاوازی عەزی (قۆڵ کورت، قۆڵ درێژ، یان جۆری تر) دروست دەکات و پیشانت دەدات. ئەگەر کلیک لەسەر یەکێک لەو وێنە ساختانە بکەیت، ئەمازۆن دەتباتە سەر ئەو کاڵا ڕاستەقینانەی کە لەو ستایلا نەتەوە نزیکن.

کێشەی ئەم ڕێگایە چییە؟

لە ڕاستیدا ئەم هەنگاوەی ئەمازۆن کەمێک نامۆ و نالۆژیکییە. لایەنی خراپی ئەوەیە کە ڕەنگە کڕیاران بەهەڵەدا ببات؛ چونکە ئەگەر کڕیارەکە بە باشی سەرنج نەدات، وا دەزانێت ئەو عەزییە ڕێک لەوێدا دەفرۆشرێت، بەڵام کاتێک کلیکی لەسەر دەکات دەبینێت ئەو شتە بوونی نییە و بێهیوا دەبێت. جگە لەوەش، پرسیارەکە ئەوەیە: کاتێک ماڵپەڕەکە پڕە لە وێنەی ڕاستەقینەی کاڵا ڕاستەقینەکان، بۆچی دەبێت وێنەی ساختە دروست بکرێت؟ لە کاتێکدا کڕیار تەنها دەیەوێت شتی ڕاستەقینە ببینێت.

هەوڵەکانی تری ئەمازۆن لە بواری ژیریی دەستکرددا

ئەمە یەکەمجار نییە ئەمازۆن ژیریی دەستکرد تێکەڵی بەرهەمەکانی دەکات، بەڵام ئەنجامەکانی هەمیشە وەک یەک نەبوون:

پوختەکردنی ڕاوبۆچوونەکان: یەکێک لە کارە بەسوودەکان ئەوەیە کە ژیریی دەستکرد کورتەیەک لە خاڵە باش و خراپەکانی ناو کۆمێنتەکانی کڕیاران دەنووسێتەوە بۆ ئەوەی ناچار نەبیت هەموویان بخوێنیتەوە.

پۆدکاستی کاڵاکان: ساڵی ڕابردوو تایبەتمەندییەکی سەیری دەرکرد کە تێیدا دەنگی دروستکراوی ژیریی دەستکرد وەک شێوازی پۆدکاست باسی تایبەتمەندییەکانی کاڵاکانی دەکرد.

ئەلبوومی جلوبەرگ و گەڕانی ڤیژوەڵ: دروستکردنی کۆمەڵە وێنەیەکی هاوشێوەی مۆدە، گەشەپێدانی (Amazon Lens Live) بۆ گەڕان لە ڕێگەی کامێراوە، و توانای زیادکردنی نووسین بۆ گەڕانی وێنەیی.

گۆڕینی چاتبۆتەکە: لەم مانگەدا ئەمازۆن چاتبۆتە کۆنەکەی خۆی (Rufus) لابرد و (Alexa for Shopping)ی خستە شوێنی، بۆ ئەوەی کڕیاران بتوانن بە شێوەیەکی سروشتی و لە ڕێگەی دەنگ یان نووسینەوە داوای کڕینی شتەکان بکەن.