تێڕوانینێک بۆ چاوێلکە زیرەکەکەی ئەپڵ

ئەپڵ خەریکی پەرەپێدانی چاویلکەی زیرەکە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ گووگڵ و مێتا. بەپێی راپۆرتی بلومبێرگ، ئەو چاویلکەیە دەکرێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٦ و ٢٠٢٧ بێتە بازاڕەوە.
چاویلکەکە کامێرای فرە، مایکرۆفۆن و تایبەتمەندی زیرەکی دەستکرد لەخۆدەگرێت کە دەتوانێت وێنە و ڤیدیۆ بگرێت، وەرگێڕان ئەنجام بدات، هەروەها دەتوانێت زانیاری لەسەر شتەکانی دەوروبەر بدۆزێتەوە. پڕۆسێسەری چاویلکەکە لەسەر بنەمای پڕۆسێسەرەکانی ئەپڵ واچ دروست دەکرێت، کە بەناوبانگن بە بەکارهێنانی کەمی وزە.
رێگای پەرەپێدانی چاویلکەکە ئاسان نەبووە. سەرەتا، ئەپڵ دەیویست چاویلکەیەکی واقیعی تێکەڵاو (AR) دروست بکات کە بە ئامێرەکانی ماک پەیوەست بکرێت، بەڵام ئەو پڕۆژەیە هەڵوەشێنرایەوە. کێشەکان بریتی بوون لە گەرمبوونی زیاتر، کێش و سنوورداری بەتاری.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، تیم کوک سەرۆکی ئەپڵ، بەتوندی پابەندە بە دروستکردنی چاویلکەیەکی واقیعی تێکەڵاو بەر لەوەی مێتا بتوانێت ئەمە بکات. هەروەها ئەپڵ بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئاستی بەکارهێنەران بۆ هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندییە جیاوازەکان و ڕووکارەکانی بەکارهێنان.
ئەگەر ئەپڵ بتوانێت دیزاینێکی باش، کوالێتی دەنگێک هاوشێوەی ئەیرپۆدەکان، و یەکگرتنێکی باش لەگەڵ ئایفۆن پێشکەش بکات، دەتوانێت سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت. هاوکات، کار لەسەر چاویلکەی واقیعی تێکەڵاوی راستەقینە بەردەوامە، هەرچەندە ئەو بەرهەمە ئاواتە هێشتا لە ئامادەیی دوورە بۆ بازرگانیکردن.