کۆنفرانسی جیهانی ئەپڵ بۆ گەشەپێدەران سبەینێ.. دەرفەتێکی چارەنووسساز بۆ کۆمپانیاکە

کۆمپانیای ئەپڵ سبەینێ دووشەممە کۆنفرانسی جیهانی خۆی بۆ گەشەپێدەران (WWDC) ڕێکدەخات، کە ڕووداوی ساڵانەیەتی بۆ ئاشکراکردنی نوێترین پێشکەوتنەکانی نەرمەکاڵای کۆمپانیاکە. ئەمساڵ ئەم کۆنفرانسە گرنگییەکی زیاتری هەیە چونکە ئاپڵ ڕووبەڕووی سێ ئاستەنگی سەرەکی دەبێتەوە: باژی گومرکی لەسەر چین، دواکەوتنی تایبەتمەندییەکانی زیرەکی دەستکرد “Apple Intelligence” لە خشتەی کاتی، و پرسیارەکان سەبارەت بە بینینی درێژخایەنی کۆمپانیاکە بۆ ئامێرەکانی.
شرۆڤەکاران چاوەڕوانی پێشکەوتنی کەم دەکەن لەم کۆنفرانسەدا، هەرچەندە ئەپڵ لە ساڵی ڕابردوودا چەمکی “Apple Intelligence” پێشکەش کرد کە بینینی تایبەتی ئەپڵە بۆ زیرەکی دەستکرد. بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک، تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستەمە نەیانتوانیووە چاوەڕوانییەکانی شرۆڤەکاران بەدی بهێنن لە هاندانی بەکارهێنەران بۆ نوێکردنەوەی مۆبایلەکانیان. کۆمپانیاکە بەڵێنی خۆی دواخستووە بۆ پێشکەشکردنی وەشانێکی زیرەکتر لە یاریدەدەری دەنگی “سیری”.
دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٥ ئاسان نەبووە بۆ ئەپڵ، چونکە کۆمپانیاکە تووشی شەڕی یاسایی سەبارەت بە فرۆشگای ئەپڵیکەیشنەکەی بووە، هەروەها ڕاگەیاندنی باژی گومرکی نەخوازراو کە ئاڵۆزی لە زنجیرەی دابینکردندا دروستکردووە. سەرۆک کۆمپانیا تیم کوک ئاگاداری وەبەرهێنەرانی کردووە کە چاوەڕوانی تێچووی باژی گومرکی ٩٠٠ میلیۆن دۆلار بکەن. هەروەها سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە کە مۆبایلە ئایفۆنەکانی دەرەوەی ئەمریکا ڕووبەڕووی باژی گومرکی لانیکەم ٢٥% دەبنەوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئایفۆن بە شێوەیەکی بەرچاو.