ئەپڵ” نرخی سەرەتایی ئایفۆن پرۆ لە ئەمەریکا بەرز دەکاتەوە بۆ یەکەم جار لە ٢٠١٧ەوە
دەستپێک لە ١,٠٩٩ دۆلارەوە

کۆمپانیای ئەپڵ نرخی سەرەتای جۆری “پرۆ” لە زنجیرە مۆبایلە نوێیەکانی ئایفۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرزکردۆتەوە بۆ ١,٠٩٩ دۆلار، بە زیادکردنی ١٠٠ دۆلار لەسەر ئایفۆن ١٦ پرۆ.
“ئەپڵ” هەوڵی دا کاریگەری زیادکردنی نرخەکان کەم بکاتەوە بە ئاماژەکردن بەوەی کە قەبارەی هەڵگرتن لە هەموو مۆبایلەکانی ئەمساڵ لە ٢٥٦ گیگابایتەوە دەستپێدەکات، لە بری ١٢٨ گیگابایت لە مۆبایلەکانی پار.
“ئەپڵ” لە بری مۆبایلی ئایفۆن ١٦ پلەس کە پارساڵ بە نرخی ٨٩٩ دۆلار دەرچوو، مۆبایلی ئایفۆن ١٧ ئێر تەواو نوێ و زۆر باریکی پێشکەش کرد کە نرخەکەی لە ٩٩٩ دۆلارەوە دەستپێدەکات.
“ئەپڵ” و سەرۆک جێبەجێکەری تیم کووک بە شێوەیەکی بەرچاو باجە گومرگییەکانیان بەڕێوەبرد کە حکومەتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ فەرز کردبوون، کۆمپانیاکە سەرکەوتوو بوو لە ئاڕاستەکردنەوەی بەشێکی گەورەی زنجیرە دابینکردنەکەی بۆ هاوردەکردنی ئامێرەکانی ئایفۆن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هیندستانەوە لە بری چین، کە لەوێ باجە گومرگییەکان بەرزترن، بەپێی ڕاپۆرتێکی “سی ئێن بی سی”.
لەگەڵ ئەوەشدا، وەبەرهێنەران بە بەربڵاوی باوەڕیان وابوو کە “ئەپڵ” نرخی مۆبایلەکانی ئایفۆن بەرز دەکاتەوە، چونکە کۆمپانیاکە چاوەڕوانی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار خەرجکردن دەکات لەم چارەکەدا لەسەر تێچووی باجە گومرگییەکان.
“ئەپڵ” هیچ شتێکی نەگوت دەربارەی باجە گومرگییەکان یان چۆنیەتی دروستکردنی مۆبایلە نوێیەکانی ئایفۆن.
ئەمە یەکەم جارە کە نرخی سەرەتای جۆری ئایفۆن پرۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرز بێتەوە بۆ زیاتر لە ٩٩٩ دۆلار لە کاتی دەرچوونی پێشڕەوەکەی ئایفۆن ئێکس لە ساڵی ٢٠١٧ەوە.
“ئەپڵ” نرخی ئامێرە نوێیەکانی دیکەی هێشتووەتەوە کە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بەبێ گۆڕانکاری، ئەمەش ئێرپۆدز پرۆ ٣، و کاتژمێرەکانی “Apple Watch Series ١١” و “Ultra ٣” دەگرێتەوە.