ئەلبانیا یەکەمین وڵات دەبێت کە وەزیرێکی ژیری دەستکرد دادەنێت
سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا، ئێدی راما، هەنگاوێکی نوێی نا کە تێیدا حکومەتەکەی وەزیرێکی ئەلیکترۆنی دروست دەکات. ئەم بڕیارە ئەلبانیا دەکاتە یەکەمین وڵاتی جیهان کە چەمکی وەزیری ژیری دەستکرد جێبەجێ دەکات.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە نوێیە شەڕکردنە لەگەڵ گەندەڵی لە بواری تەندەر و پەیمانگایی حکومیدا.
راما ڕوونی کردەوە کە ئەم وەزیرە تەکنەلۆژییە دەتوانێت گەندەڵی لە پڕۆسەی تەندەرکردندا ڕێگری بکات و شەفافیەت بەرزبکاتەوە.
دوای بردنەوەی بەهێزی پارتی سۆسیالیست لە هەڵبژاردنەکانی ئایار، راما لە کۆبوونەوەیەکی پارتیدا کابینە نوێیەکەی ئاشکرا کرد.
لەم کۆبوونەوەیەدا، راما “دایێلا”ی ناساند - ناوێک لە ئەلبانیدا واتای “ڕووناکی خۆر” دەگەیەنێت. ئەم کارەکتەرە ڤەرچوواڵە لە شێوەی ژنێکی جوان دروست کراوە کە جلوبەرگی نەتەوەیی ئەلبانی لەبەردایە.
راما گوتی: “دایێلا جیاوازە لە هەموو ئەندامانی ترەوەی حکومەت، چونکە بەشێوەیەکی دیجیتاڵ کارەکانی ئەنجام دەدات، نەک وەک مرۆڤ.”
ئەرکی سەرەکی دایێلا بەڕێوەبردنی هەموو تەندەرەکانی دەوڵەتە بە شێوەیەک کە هیچ جۆرە گەندەڵییەک تێدا نەبێت. بەم شێوەیە پارەی گشتی بە تەواوی ڕوون و ئاشکرا خەرج دەکرێت.
دایێلا پێشتر وەک یاریدەدەری ڤەرچوواڵ لە پلاتفۆرمی “ئی-ئەلبانیا”دا کاری دەکرد کە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەت پێشکەش دەکات.
ئامارەکان دەریدەخەن کە تا ئێستا ئەم سیستەمە ٣٦ هەزار و ٦٠٠ بەڵگەنامەی فەرمی دەرکردووە و نزیکەی هەزار جۆری جیاواز لە کاروباری حکومی لە ڕێگەیەوە ئەنجام دراوە، بەپێی ماڵپەڕی ڕووداو