سووریا ڕێکارێکی نوێ ئاشکرا دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی زێڕی هاوردەکراو
سەرۆکی دەستەی کانزا بەنرخەکانی سووریا، مەصعەب ئەسوەد، ڕایگەیاند کە دەستەکە باجێکی کۆی ٢٠٠٠ دۆلار لەسەر هەر کیلۆگرامێک زێڕی بیانی دادەنێت کە دەچێتە بازاڕی سووریا. ئەم باجە دابەشدەکرێت بۆ باجی گومرگی بە بڕی ١٠٠٠ دۆلار و باجی مۆرکردن لەلای دەستەکە بە هەمان بڕ.
ئەسوەد ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەم باجانە بریتییە لە زیادکردنی تێچووی کاڵای بیانی بە ڕێژەی دوو دۆلار بۆ هەر گرامێک، ئەمەش یارمەتی بەهێزکردنی کێبڕکێی بەرهەمی ناوخۆییەکان دەدات و کاریگەری بەرهەمە هاوردەکراوەکان لەسەر پیشەسازی نیشتمانی کەمدەکاتەوە.
جەختی کردەوە کە ڕێگەپێنەدراوە هیچ کاڵایەکی بیانی هاوردەبکرێت پێش ئەوەی ئەم باجانەی لێبگیرێت و بە نیشانی “سیما”ی سووری مۆردەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ڕزگاربوونی سووریا، هەندێک پەرێشانی لە چوونەژوورەوەی کاڵاکاندا ڕوویدا بەهۆی لاوازی ڕێکخستنی گومرگی.
دەستەکە ڕێنماییەکانی بەڕوونی دەرکردووە کە دەبێت هەموو کاڵایەکی بیانی لە ڕێگەی دەروازە فەرمیەکانەوە بچێتە ژوورەوە، باجی گومرگی بدرێت و پێش لەوەی بخرێتە بازاڕەوە لەلای سەندیکای پەیوەندیدار مۆربکرێت. ئەم ڕێکارانە ئامانجیان داخستنی کونە قاچاخکردنەکان و کۆنترۆڵکردنی کوالیتی کاڵاکانە.
سەندیکای زێڕفرۆشی لە دیمەشق ڕایگەیاند کە ماوەی دراو بۆ خاوەنانی دووکانەکان کە زێڕی مۆرنەکراویان هەیە، درێژەکراوەتەوە تا کۆتایی مانگی ئێستا بۆ مۆرکردنی لەلای سەندیکا.