سەرنجڕاکێش... یەکەم پاسکیلی فڕۆکە لە جیھاندا خەیاڵی زانستی دەکاتە ڕاستی

کۆمپانیای "ڤۆڵۆنۆت" (Volonaut) ئامێرێکی بە تەواوی نوێی بە ناوی "سوپەر بایک بۆ ئاسمان" ناساند، کە "ئایربایک" (Airbike)ی نوێیە، یەکەم پاسکیلی فڕۆکە لە جیھاندا کە لە ئاسماندا دەسووڕێتەوە. کۆمپانیاکە ڤیدیۆیەکی پاسکیلە فڕۆکەکەی بڵاو کردەوە بە دیمەنێک کە تەنھا لە فیلم و یارییە ڤیدیۆییەکاندا دەمانبینی. "ئایربایک" بە پاڵنەری جێت کار دەکات و دەتوانێت یەک کەس ھەڵبگرێت و بە خێرایی ٢٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بفڕێت. بە سیستەمێکی ھاوسەنگی زیرەک کە بە کۆمپیوتەرێکی تایبەت بە فڕین پشتگیری دەکرێت، کە ڕێگە دەدات بە جێگیری بفڕێت. پاسکیلەکە بە دیزاینێک دێت کە دیدێکی تەواوی ٣٦٠ پلە دەدات بە سوارەکە، وا دەکات ھەست بکات بەشێکە لە ئامێرەکە و ھەستێکی ئازادی تەواوی لە کاتی فڕیندا پێدەدات. بەھۆی قەبارە بچووکەکەی و نەبوونی پەروانەی سووڕاو، "ئایربایک" دەتوانێت بە ئاسانی لە شوێنە تەسکەکاندا بجووڵێت. حەوت جار سووکترە لە پاسکیلی ئاسایی، ئەمەش بەھۆی ڕیشاڵی کاربۆن و تەکنەلۆژیای چاپکردنی سێ ڕەھەندی و دیزاینی سادەوە. پڕۆژەکە بەم دواییانە دوای ماوەیەک گەشەپێدانی نھێنی لەلایەن داھێنەر و بزنسمانی پۆڵەندی تۆماش باتان ڕاگەیەندرا. لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "خۆشحاڵم کە نموونەیەک لەوەی بە نھێنی کارم لەسەر کردووە لەگەڵتان بەش دەکەم". لە کاتی ڕاگەیاندنی بەرھەمەکەدا، باتان نووسی "پاسکیلی فڕۆکە بناسن! ئەم ئامێرە داھاتووییە بەرجەستەکردنی بیرۆکەیەکی جەسوورانەیە کە ھەمیشە لە فیلمەکانی خەیاڵی زانستیدا دەردەکەوت. لە کۆنەوە سەرچاوەی ئیلھامم بوو، پاشان بە تێپەڕبوونی کات بووە خولیام. تەنھا دەمویست بیکەمە ڕاستی." کۆمپانیای "ڤۆڵۆنۆت" تا ئێستا ھەموو وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکردووە، وەک چۆنیەتی کارکردنی پاسکیلە فڕۆکەکە، جۆری وزەی بەکارھاتوو، ئاستی ئەمنی، یان کاتی بەردەستبوونی لە بازاڕەکان و نرخی چاوەڕوانکراو. پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داھاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر پاسکیلە فڕۆکەکە ببینین. سەرچاوە: ماڵپەڕەکان + تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان