لێدوانێک لە ڕێدیت پۆلیس دەگەیەنێتە تەقەکەری زانکۆی براون
لێدوانێک لە سەکۆی ڕێدیتدا بوو بە ڕێنمایی پۆلیس و ئێف بی ئای بۆ زانینی ناسنامەی کەسێک کە لە زانکۆی براون لە ویلایەتی ڕۆد ئایلەندی ئەمریکا تەقەی کرد و بووە هۆی کوژرانی دوو قوتابی.
دادوەری گشتی ویلایەتەکە گوتی ئەم لێدوانە لە ڕێدیت توانای دایە پۆلیس ئۆتۆمبێلە بەکرێگیراوەکە بشوێنبکەون و ناسنامەی تەقەکەر بزانن. ڕێدیت سەرچاوەیەکی گرنگی زانیارییە تا ئەو ئاستەی خەڵک کاتی گەڕان لە گووگڵدا “site:reddit.com” زیاد دەکەن.
سەرسوڕهێنەرە کە تەنها یەک لێدوان بووە هۆی ناسینەوەی تاوانبار. کارەکە دەستی پێکرد کاتێک بەکارهێنەرێک پۆستەری ئێف بی ئای بڵاوکردەوە کە داوای زانیاری دەکرد.
بەکارهێنەرێکی تر بە ناوی “جۆن” وەڵامی دایەوە و گوتی: “پۆلیس پێویستە پشکنین لە نیسانێکی ڕەساسی بکات کە تابلۆی فلۆریدای هەیە، لەوانەیە بەکرێگیراو بێت. ئەمە ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە تەقەکەر لێی دەخوڕی.” ئەویش وردەکاریی شوێن و چۆنیەتی بینینی ئۆتۆمبێلەکەی دا.
کەسێکی سێیەم پەیوەندی کرد بە ئێف بی ئای، پاشان پۆلیس لێپرسینەوەیان لەگەڵ جۆن کرد. دادوەری گشتی گوتی: “ئەو کەسە ڕێنماییمانی کرد بۆ ئۆتۆمبێلەکە، لەوێوە بۆ ناوەکە و وێنەکانی کەسێک کە ئۆتۆمبێلەکەی بە کرێگرتووە، کە هاوتا بوون لەگەڵ جلوبەرگ و جانتای تەقەکەر.”
بریکارێکی ئێف بی ئای گوتی جۆن ڕەنگە شایستەی خەڵاتی ٥٠ هەزار دۆلار بێت.