ئایا وەبەرهێنان لە ئەنگوستیلەی زیرەک لە ٢٠٢٦دا شایانی ئەوەیە؟
ئەنگوستیلە زیرەکەکان چەند ساڵێکە لە بازاڕدان، بەڵام هێشتا بەرفراوان نین. زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان هێشتا نەهاتوونەتە ناو ئەم بازاڕەوە، جگە لە “سامسۆنگ” بە ئەنگوستیلەکەی Galaxy Ring. تەنانەت کۆمپانیا چینییە گەورەکانیش وەک “شیاۆمی” و “ئۆپۆ” ئەم بەرهەمانە وەک بەشێکی سەرەکی لە بەرهەمەکانیان دانانێن.
ئەنگوستیلە زیرەکەکان تایبەتن بە چاودێریکردنی تەندروستی بەبێ هەستکردن بە ئامێرێکی تەکنەلۆژی لەسەر دەستت. ئەوان خەو و لێدانی دڵ و ئۆکسجینی خوێن و گۆڕانی پلەی گەرمی جەستە و چالاکی ڕۆژانە چاودێری دەکەن، و زانیارییەکان بۆ ئەپڵیکەیشنی مۆبایل دەنێرن. باشترین میزەیان ئەوەیە کە بچووک و سووکن، پێویستیان بە شاشە یان کارلێککردنی بەردەوام نییە.
بازاڕی ئەنگوستیلە زیرەکەکان هێشتا بچووکە بەراورد بە کاتژمێرە زیرەکەکان. بڕاندی “ئۆرا” بەناوبانگترینە، لەکاتێکدا “سامسۆنگ” لە ٢٠٢٤ بە Galaxy Ring هاتە ناوەوە. هەندێک کۆمپانیا بەبێ بەشداریی مانگانە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، بەڵام “ئۆرا” بەشداریی مانگانە داوا دەکات.
ئەنگوستیلەی زیرەک گونجاوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت تەندروستی بە شێوەیەکی بەردەوام و ئاسان چاودێری بکەن. ئاسانی لەبەرکردنی بە درێژایی ڕۆژ و شەو یارمەتیدەرە بۆ وەرگرتنی زانیاریی ورد دەربارەی خەو و ڕاهێنان. هەروەها تەمەنی باتریەکەی درێژە و چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
بەڵام ئەنگوستیلەکان جێگرەوەی کاتژمێرە زیرەکەکان نین، چونکە ئاگادارکردنەوەی خێرا، GPS، یان کۆنترۆڵکردنی مۆسیقا پێشکەش ناکەن. تێچوونەکە لەوانەیە بەرز بێت، بەتایبەتی لەگەڵ بەشداری مانگانەدا. ئەم ئامێرە گونجاوە بۆ ئەوانەی گرنگی بە چۆنیەتی خەو و چاودێری تەندروستی گشتی دەدەن، بەڵام بۆ ئەوانەی کارلێککردنی ڕاستەوخۆ دەوێت، کاتژمێری زیرەک هێشتا هەڵبژاردنی باشترینە.