هۆشدارییەک دەربارەی کاریگەری شاشە لەسەر مێشکی کۆرپەلە و منداڵ

شوبات 25, 2026 - 11:29
هۆشدارییەک دەربارەی کاریگەری شاشە لەسەر مێشکی کۆرپەلە و منداڵ

توێژینەوەیەکی نوێ لە سەنگاپوورە ئاشکرای کردووە کە زۆر مانەوەی کۆرپەلە لەبەردەم شاشەکان (مۆبایل، تەلەفۆن، تابلێت) پێش تەمەنی دوو ساڵی، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە گەشەی مێشکدا. ئەم گۆڕانکارییانە دواتر لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەبنە هۆی خاوبوونەوە لە بڕیاردان و زیادبوونی دڵەڕاوکێ.

توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن کە مێشکی ئەو منداڵانە تووشی "گەشەی خێرای نائاسایی" دەبێت لەو بەشانەی بەرپرسن لە بینین و کۆنتڕۆڵی خۆکار، ئەمەش بەهۆی ئەو هاندانە هەستییە بەهێزەی شاشەکان دروستی دەکەن. ئەم گەشە خێرایە وا دەکات مێشک نەتوانێت پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی پێویست بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و گونجاندن لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر بە باشی دروست بکات.

ئەم توێژینەوەیە کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ چاودێری ١٦٨ منداڵی کردووە، جەخت دەکاتەوە کە دوو ساڵی یەکەمی تەمەن هەستیارترین قۆناغە. مانەوە لەبەردەم شاشە لە تەمەنی ٣ بۆ ٤ ساڵیدا هەمان کاریگەریی خراپی نەبووە، ئەمەش گرنگیی دوورخستنەوەی کۆرپەلە لە شاشە لە سەرەتای گەشەیدا دەسەلمێنێت.