ئەپڵ باجی “App Store “ کەمدەکاتەوە
کۆمپانیای ئەپڵ لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا بڕیاری دا کۆمسیۆنی فرۆشتنی ئەپڵیکەیشنەکان لە بازاڕی چین کەم بکاتەوە. ئەم بڕیارە دوای فشارە نافەرمییەکانی حکومەتی چین و لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە قۆرخکاری دێت، کە وای کرد ئەپڵ بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە دووەم گەورەترین بازاڕی جیهاندا، سازش بۆ داواکارییەکانی پەکین بکات.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە کە لە ١٥ی ئادارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، باجی ئەپڵ لەسەر کڕینی ناو بەرنامەکان لە 30% بۆ 25% کەمدەبێتەوە. هەروەها بۆ کۆمپانیا بچووکەکان (ئەوانەی داهاتی ساڵانەیان لە یەک ملیۆن دۆلار کەمترە)، ڕێژەکە لە 15% دابەزیوە بۆ 12%. ئەم کەمکردنەوەیە وەک سەرکەوتنێک بۆ زەبەلاحەکانی وەک "تێنسێنت" و "بایت دانس" (خاوەنی تیکتۆک) دەبینرێت کە ململانێیەکی مێژووییان لەگەڵ سیستەمی ئەپڵدا هەیە.