بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەهۆی ئومێدی کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران و ئەمریکا
نرخی زێڕ لە مامەڵە دەستبەجێکاندا بە ڕێژەی 0.4% بەرزبووەوە و گەیشتە ٤٦٨٥.٧٩ دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە جەنگ لەگەڵ ئێران لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا کۆتایی بێت. ئەم لێدوانانە بوونە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار بە ڕێژەی 2%، کە وایکرد کڕینی زێڕ بۆ خاوەن دراوەکانی دیکە هەرزانتر و سەرنجڕاکێشتر بێت.
ئەم گەشبینییە بۆ هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆش و خرۆشی بۆ بازاڕەکانی پشک گەڕاندەوە و نرخی زێڕیشی بەرەو سەرەوە پاڵنا. ئەمە لە کاتێکدایە کە زێڕ لە مانگی ئازاردا بەهۆی بەهێزیی دۆلار و جەنگەوە گەورەترین دابەزینی مانگانەی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بەخۆوە بینیبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئومێدی ئاشتی دووبارە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
لە بازاڕی کانزاکانی دیکەدا، نرخی پلاتین و پالادیۆم ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، لە کاتێکدا نرخی زیو بە ڕێژەی 0.8% دابەزی و گەیشتە ٧٤.٥٣ دۆلار. سەرەڕای ئەوەی پێشبینییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لاواز بوون، بەڵام زێڕ توانی پێگەی خۆی بەهێز بکاتەوە و گرێبەستە ئایندەییەکان ئاستی ٤٧٠٠ دۆلاریان تێپەڕاند.