سامسۆنگ بەرەو کوێ دەچێت لە 2025؟

سامسۆنگ بەرەو بەرهەمهێنانی نوێترین تەلەفۆنی خۆی دەچێت، گەلاكسی زی فۆڵد ٧ و گەلاكسی زی فلیپ ٧، كە بەرهەمهێنانی بەشەكانیان لە ناوەڕاستی فێبریواری ڕابردووەوە دەستی پێكردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ماكس جامبور، ئاشكرای كردووە، تەلەفۆنی گەلاكسی زی فلیپ ٧ (B7) شاشەیەكی بە قەبارەی ١٦١.٥٧ × ٦٩.٩٦ ملم دەبێت كە لە جاران گەورەترە، بە شاشەی ناوەوەی ٦.٨٥ ئینچ (لە بری ٦.٧ ئینچ) و شاشەی دەرەوەی ٤ ئینچ (لە بری ٣.٤ ئینچ).
سەبارەت بە یەكەم تەلەفۆنی سێ-شاشەیی سامسۆنگ كە بە ناوی ناوخۆیی Q7M ناسراوە و چاوەڕوان دەكرێت بە ناوی گەلاكسی جی فۆڵد بازاڕ بكرێت، هێشتا نەچووەتە قۆناغی بەرهەمهێنانی گەورە، هەرچەندە بەرهەمهێنانی بەشەكانی لە كۆتایی مارسەوە دەستی پێكردووە.
ئەم دواكەوتنە مانای كێشە لە گەشەپێدانی تەلەفۆنەكە نییە، بەڵكو سامسۆنگ پلانی هەیە لە سەرەتاوە بە شێوەیەكی زۆر سنووردار (٢٠٠ هەزار دانە) و تەنها لە چەند وڵاتێكدا بیخاتە بازاڕەوە. لەبەر ئەوە، پێویستی نییە بەرهەمهێنانی بە خێرایی دەست پێبكات.
چاوەڕوان دەكرێت سامسۆنگ نزیكەی ٩٠٠ هەزار دانە لە گەلاكسی زی فلیپ FE (وەشانی ئابووری) و ٣ ملیۆن دانە لە گەلاكسی زی فۆڵد ٧ بەرهەم بهێنێت.
هەموو ئەم زانیاریانە ئاماژە بەوە دەكەن كە سامسۆنگ پلانی هەیە یەكەم تەلەفۆنی سێ-شاشەیی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بخاتە بازاڕەوە.