لە موشەکی دووبارە بەکارهاتوەوە بۆ بۆرسەی ناسداک؛ سپەیس ئێکس مێژووی دارایی جیهان دەگۆڕێت

حوزەیری 12, 2026 - 18:16
لە موشەکی دووبارە بەکارهاتوەوە بۆ بۆرسەی ناسداک؛ سپەیس ئێکس مێژووی دارایی جیهان دەگۆڕێت

تەکنۆ نیوز١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" (SpaceX) کە ساڵانێکە بەهۆی موشەکە ناوازەکانی، تۆڕی مانگی دەستکردی "ستارلینک" و بێگومان دامەزرێنەرەکەی، ئیلۆن مەسک، سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، گەورەترین هەنگاوی مێژووی ٢٤ ساڵەی خۆی دەنێت. کۆمپانیاکە بە فەرمی پشکەکانی بۆ یەکەمجار پێشکەشی ڕایگشتی دەکات (IPO) و دەچێتە بۆرسەی ناسداک (NASDAQ).

ئەم هەنگاوە بەهۆی قەبارە گەورەکەیەوە بازاڕە داراییەکانی جیهانی هەژاندووە؛ سپەیس ئێکس ٥٥٥.٦ ملیۆن پشکی خۆی بە نرخی ١٣٥ دۆلار بۆ هەر پشکێک دیاری کردووە، بەمەش دەیەوێت ٧٥ ملیار دۆلار کۆبکاتەوە، کە ئەمەش دەبێتە گەورەترین پرۆسەی IPO لە مێژووی جیهاندا. چاودێران پێشبینی دەکەن ئەم نرخاندنە نوێیە دواجار ئیلۆن مەسک بکاتە یەکەم "تریلیۆنێر" لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

سپەیس ئێکس بەپێی ژمارەکان (سەیرێکی ناو دۆسیەی دارایی کۆمپانیاکە):

 داهات و زیانەکان: دۆسیەی دارایی کۆمپانیاکە (S-1) ئاشکرای دەکات کە سەرەڕای داهاتی زیاتر لە ١٨ ملیار دۆلاری لە ساڵی ٢٠٢٥دا، سپەیس ئێکس ٤.٩ ملیار دۆلار زیانی کردووە. کۆی گشتی زیانەکانی کۆمپانیاکە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٧ ملیار دۆلار.

 دەسەڵاتی ڕەهای مەسک: وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار، ئیلۆن مەسک کۆنتڕۆڵی ٨٥.١٪ی مافی دەنگدانی ناو کۆمپانیاکەی لەدەستدایە، ئەمەش دەسەڵاتێکی شاهانەی پێدەبەخشێت کە هاوشێوەی لە ناو هیچ کۆمپانیایەکی تری تەکنەلۆژیای گشتیدا نییە.

 ملیۆنێرە نوێیەکان: بەپێی ڕاپۆرتەکان، نزیکەی ٤,٤٠٠ فەرمانبەری سپەیس ئێکس کە پشکیان لە کۆمپانیاکەدا هەیە، بەهۆی ئەم چوونە بۆرسەیەوە دەبنە ملیۆنێر.

گرەوی ژیریی دەستکرد و ستارلینک

دۆسیەی فەرمی کۆمپانیاکە نیشان دەدات کە داهاتووی سپەیس ئێکس بە توندی بەستراوەتەوە بە گەشەی هێڵی ئینتەرنێتی ستارلینک و پڕۆژەی موشەکی ستارشیپ (Starship). هاوکات، کۆمپانیاکە گرەوێکی گەورەی لەسەر بواری ژیریی دەستکرد (AI) کردووە لە ڕێگەی هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای xAI (کۆمپانیاکەی تری مەسک)، کە تێیدا گرێبەستی گەورەی لەگەڵ غولەکانی وەک گۆگڵ و ئەنسرۆپیک (Anthropic) هەیە بۆ دابینکردنی هێزی کۆمپیوتەری و داهاتی مانگانەی بە ملیۆنان دۆلار.

بۆرسەی ناسداک بە فەرمی لیستی ناوی سپەیس ئێکسی بڵاوکردووەتەوە و بەم نزیکانە مامەڵەکردن بە پشکەکانی بە فەرمی دەستپێدەکات، کە چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین گۆڕانکاری لە بازاڕی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی بۆشایی ئاسماندا دروست بکات.