نوێترین دەنگۆکان دەڵێن سیستمی iOS 27 بە ڕووکارێکی نوێی کامێرا و گۆڕانکاری لە ئەپی Photos‌ەوە دێت

ئایار 24, 2026 - 13:18
ئایار 24, 2026 - 13:19
نوێترین دەنگۆکان دەڵێن سیستمی iOS 27 بە ڕووکارێکی نوێی کامێرا و گۆڕانکاری لە ئەپی Photos‌ەوە دێت

لە کاتێکدا زۆربەی دەنگۆکانی تایبەت بە iOS 27 باسیان لە ژیریی ئەپڵ (Apple Intelligence)، سیری (Siri) و خێرایی سیستمەکە دەکرد، بەڵام پێدەچێت ئەپی کامێراش چەندین گۆڕانکاری گەورە بەخۆیەوە ببینێت، ئەم گۆڕانکارییانە تەواکەری ئەو دیزاینە نوێیە دەبن کە ساڵی ڕابردوو لە iOS 26‌دا بینیمان. هاوڕێ لەگەڵ ئەمەشدا، چەندین ئامرازی نوێی دەستکاریکردنی وێنە (Editing tools) کە بە ژیریی دەستکرد (AI) کاردەکەن، بۆ ئەپی Photos زیاد دەکرێن.

لە ئێستادا ڕووکاری ئەپی کامێرا تا ڕادەیەکی زۆر جێگیرە؛ تەنها ئەو دوگمە و کۆنترۆڵانە پیشان دەدات کە لەو ساتەدا پێویستن، ئەوانی تریش لەناو مێنیویەکدا شاردراونەتەوە، بەڵام لە iOS 27‌دا ئەپڵ ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات خۆیان دیاری بکەن چ دوگمەیەک پیشان بدرێت، بۆ ئەوەی ئەپەکە ڕێک بەو شێوەیە بێت کە خۆیان دەیانەوێت.

ئاژانسی بلومبێرگ (Bloomberg) لەم بارەیەوە دەڵێت:
"کۆمپانیای ئەپڵ پلانی هەیە ئەپی کامێراکەی نوێ بکاتەوە و وای لێبکات بە تەواوی توانای گۆڕینی هەبێت (fully customizable). ئەمەش بەشێکە لە گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی ڕووکاری بەکارهێنەر لە نوێکردنەوەی داهاتووی ئایفۆندا."

بەم شێوازە نوێیە، بەکارهێنەران دەتوانن خۆیان هەڵبژێرن کام تایبەتمەندی لە ئەپی کامێراکەدا دەرکەوێت و لە کوێی شاشەکەدا دابنرێت؛ وەک کۆنترۆڵی فلاش، ڕووناکی (exposure)، کاتگر (timer) و کوالێتی وێنەکە (resolution)،ئەم گۆڕانکارییانە زیاتر بۆ ئەوەن کە ئەپی کامێراکە بۆ وێنەگرە پیشەگەرەکان گونجاوتر بێت. بەپێی گوتەی مارک گورمان (Mark Gurman)، تەنانەت دوگمەی ڕێکخستنی کۆنترۆڵەکان، کە ئێستا لە سەرەوە لای ڕاستە، دەوازرێتەوە بۆ لای ڕاستی دوگمەی سەرەکیی وێنەگرتنەکە (shutter button).

ئەم گۆڕانکارییە دوو لایەنی گرنگ لەخۆدەگرێت:

یەکەم: ئەپڵ تایبەتمەندی «ژیریی بینین» (Visual Intelligence) لە ڕێگەی دۆخێکی نوێی سیرییەوە (Siri) ڕاستەوخۆ دەخاتە ناو ئەپی کامێراوە، بەمەش بەکارهێنەرێکی زۆرتر دەتوانن سوودی لێ وەرگرن؛ چونکە پێشتر تەنها لە ڕێگەی دوگمەی لایەنی کامێراوە (Camera Control) بەردەست بوو، جگە لەوەش، بەکارهێنەران دەتوانن بیخەنە ناو بەشی کۆنترۆڵ (Control Center) یان بیبەستنەوە بە دوگمەی ئاکشنەوە (Action Button).

دووەم: چەند توانایەکی نوێ بۆ ژیریی بینین زیاد دەکرێت؛ وەک سکانکردنی زانیاریی خۆراکی سەر بەرهەمەکان بۆ ئەوەی بزانیت چی دەخۆیت، یان سکانکردنی کارتی کار (business card) بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ژمارە و زانیاریی کەسەکان لە ناو تەلەفۆنەکەتدا پاشکەوت بکەیت.

دوای سەرکەوتنی ئامرازی Clean Up لە iOS 18‌دا، ئەپڵ سێ ئامرازی نوێی سەرنجڕاکێش کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکەن لە iOS 27‌ دا زیاد دەکات:

تایبەتمەندی Extend: هاوشێوەی ئامرازی (Generative Fill)ـی فۆتۆشۆپ کاردەکات. بەکارهێنەران دەتوانن دیمەنی زیاتر لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕەسەنی وێنەکە دروست بکەن

تایبەتمەندی Enhance: ڕەنگ، ڕووناکی و کوالیتی گشتیی وێنەکە باشتر دەکات و وای لێدەکات زیندووتر و جوانتر دەرکەوێت.

تایبەتمەندی Reframe: یارمەتیت دەدات گۆشە و چوارچێوەی وێنەیەکی سێ دووری (spatial photo) بگۆڕیت، تەنانەت دوای ئەوەی وێنەکەش گیراوە.