چۆن هەژماری ئینستاگرام لە سیستەمی iOS 26ـدا دەسڕیتەوە؟
ئینستاگرام تۆڕێکی گەورەیە بۆ هاوبەشکردنی وێنە و ڤیدیۆ، بەڵام چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی بەجێی بهێڵیت. جا بەهۆی بێزاربوونت بێت لە سیاسەتی کۆمپانیای (Meta) بەرامبەر پاراستنی زانیارییە تایبەتییەکان، یان بەهۆی زۆریی ڕیکلامەکان، یان تەنها دەتەوێت بۆ ماوەیەک مێشکت ئارام بکەیتەوە؛ لێرەدا هەنگاوەکانی سڕینەوەی هەژماری ئینستاگرام ڕوون دەکەینەوە.
بەر لەوەی دەست پێ بکەیت، پێویستە بزانیت کە سڕینەوەی هەژمارەکە دوای ٣٠ ڕۆژ دەبێتە هەمیشەیی. ئەگەر لەم ماوەیەدا بچیتەوە ناو هەژمارەکەت (Log in)، داواکاری سڕینەوەکە هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام کاتێک ئەو ٣٠ ڕۆژە تەواو بوو، پرۆفایل، وێنە، کۆمێنت و لایکەکانت بۆ هەمیشە پاک دەبنەوە.
هەنگاوەکانی سڕینەوەی هەژماری ئینستاگرام لەناو ئایفۆندا
ئیتر پێویستت بە کۆمپیوتەر یان وێبگەڕ نییە بۆ سڕینەوەی هەژمارەکەت. لە کۆتا وەشانی سیستەمی iOS 26، دەتوانیت تەنها بە چەند هەنگاوێکی کەم لەناو خودی ئەپڵیکەیشنی ئینستاگرامدا هەژمارەکەت بە تەواوی بسڕیتەوە:
- ئەپی ئینستاگرام بکەرەوە و لە گۆشەی خوارەوەی لای ڕاست کلیک لەسەر وێنەی پرۆفایلەکەت بکە.
- کلیک لەسەر سێ هێڵەکەی گۆشەی سەرەوەی لای ڕاست بکە، پاشان بچۆە سەر Settings and privacy (ڕێکخستن و تایبەتمەندێتی).
- وەرە خوارەوە و کلیک لەسەر Accounts Center (ناوەندی هەژمارەکان) بکە.
- بەشی Personal details (زانیارییە کەسییەکان) هەڵبژێرە، پاشان بچۆە سەر Account ownership and control (خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی هەژمارە).
- کلیک لەسەر Deactivation or deletion (ناچالاککردن یان سڕینەوە) بکە، ئەو هەژمارە دیاری بکە کە دەتەوێت بیسڕیتەوە، پاشان Delete account (سڕینەوەی هەژمار) هەڵبژێرە.
- هۆکارێک بۆ بەجێهێشتنی ئینستاگرام دیاری بکە، وشەی نهێنی (Password) هەژمارەکەت بنووسەرەوە، و لەکۆتاییدا بڕیاری سڕینەوەکە پشتڕاست بکەرەوە.
بەم شێوازە دەتوانیت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئایفۆنەکەتەوە هەژمارەکەت بسڕیتەوە بەبێ ئەوەی پێویستت بە هیچ وێبگەڕێک بێت.
تێبینی گرنگ: ئەگەر دەتەوێت وێنەکانت یان نامەکانت بپارێزیت، پێش سڕینەوەی هەژمارەکەت دایانبگرە (Download). بۆ ئەمەش بچۆە سەر بەشی (Data Download) لە ئینستاگرام و داوای کۆپییەکی زانیارییەکانت بکە. چونکە کاتێک هەژمارەکەت سڕییەوە، ئیتر ناتوانیت دەستت بەو زانیارییانە بگاتەوە.
چی ڕوودەدات دوای ئەوەی هەژماری ئینستاگرامەکەت دەسڕیتەوە؟
کاتێک سڕینەوەکە پشتڕاست دەکەیتەوە، هەژمارەکەت دەستبەجێ لەبەرچاوی خەڵک ون دەبێت، بەڵام بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ بە تەواوی لە سێرڤەرەکان لاناچێت. لەم ماوەیەدا هەر کاتێک بتەوێت دەتوانیت بە چوونەناووەی دووبارە (Log in)، هەژمارەکەت بگەڕێنیتەوە. دوای ئەو ماوەیە، هەموو شتێک دەڕوات.
کۆمپانیای ئینستاگرام دەڵێت ڕەنگە تا ٩٠ ڕۆژ بخایەنێت بۆ ئەوەی هەموو ناوەڕۆک و زانیارییەکانی سەر بەو هەژمارە بە تەواوی لە سێرڤەرەکانیاندا پاك ببنەوە. هەروەها ڕەنگە هەندێک زانیاری بۆ ماوەیەکی درێژخایەنتر لە ئەرشیفی یەدەگدا (Backup) بمێننەوە، یان بۆ هۆکاری یاسایی و پاراستنی سەلامەتی بهێڵرێنەوە.