ماسنجەر ماڵئاوایی دەکات

کۆتایی سەربەخۆیی ماسنجەر و گەڕانەوە بۆ فەیسبووک

نیسان 5, 2026 - 15:17
ماسنجەر ماڵئاوایی دەکات

کۆمپانیای مێتا بڕیارێکی نوێی داوە کە کۆتایی بە سەردەمی سەربەخۆیی ماڵپەڕی ماسنجەر دەهێنێت و لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٦دا بە یەکجاری دەرگای ئەو سایتە دادەخات. لەمەودوا هەر بەکارهێنەرێک بیەوێت لە ڕێگەی وێبگەڕی کۆمپیوتەرەکەیەوە بچێتە ناو چاتەکانی، ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ناو ژینگەی سەرەکی فەیسبووک، ئەمەش کێشە بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات کە دەیانەوێت تەنیا نامە بنێرن و نامۆ بن بە جەنجاڵی و پۆستەکانی ناو فەیسبووک.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژییەکی گەورەتر بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بەڕێوەبردن و یەکخستنی سەکۆکان، بەڵام بۆ زۆرێک لە بەکارهێنەران وەک پاشەکشە دەردەکەوێت، چونکە ناچار دەبن یان ئەکاونتە سڕکراوەکانی فەیسبووکیان چالاک بکەنەوە یان تەنیا پەنا بۆ ئەپڵیکەیشنی مۆبایل بەرن. هەرچەندە پێشتر ماسنجەر وەک خزمەتگوزارییەکی جیاواز لە دایک بوو و پەرەی سەند، بەڵام وا دیارە مێتا دەیەوێت هەموو ڕێگاکان دووبارە بەرەو ناو جەرگەی فەیسبووک بباتەوە.