ئێکس سەکۆیەکی نوێکراوەی ڕیکلام ڕادەگەیەنێت کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکات
تۆڕی X سەکۆیەکی نوێی ڕیکلامی بە ژیریی دەستکرد خستە گەڕ بۆ ئەوەی ڕیکلامەکان وردتر و سەرنجڕاکێشتر بن. ئەم سیستمە نوێیە بە هاوکاری کۆمپانیای xAI پەرەی پێدراوە و ئامانجی گەڕاندنەوەی ڕیکلامکەران و زیادکردنی داهاتە. پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایەوە، داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە تا ساڵی ٢٠٢٦ بگاتە ٢.٤٦ ملیار دۆلار.
تۆڕی کۆمەڵایەتیی X (تویتەری پێشوو) کە ئیلۆن مەسک خاوەندارێتی دەکات، هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕیکلامکەران چڕتر دەکاتەوە؛ ئەمجارەیان لە ڕێگەی سەکۆیەکی نوێکراوەی ڕیکلام کە لەسەر بنەمای ژیریی دەستکرد (AI) کار دەکات و ڕۆژی پێنجشەممە دەستی بە بڵاوکردنەوەی کرد.
ئەم کۆمپانیا تەکنەلۆژیایە لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی مەسکدا، لە زیادکردنی داهاتی ڕیکلامدا تووشی ئاڵنگاریێکی چڕ بۆوە ، ئەمەش وای کرد سەرنجی بخاتە سەر کەناڵەکانی تری داهات وەک ژیریی دەستکرد و خزمەتگوزاریی بەشداریکردنی مانگانە. بەڵام پێشبینییەکانی eMarketer ئاماژە بەوە دەکەن کە بزنسی ڕیکلام لە "ئێکس" ڕووی لە بوژانەوەیە؛ پێشبینی دەکرێت داهاتی ڕیکلام لە ساڵی ٢٠٢٥دا بگاتە ٢.٢٦ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا بۆ ٢.٤٦ ملیار دۆلار بەرز ببێتەوە، هەرچەندە ئەم ڕێژەیە هاوتای نیوەی داهاتی ساڵی ٢٠٢١ی تویتەرە، بەڵام نیشانەیەکی ڕوونە کە کۆمپانیاکە کەوتووەتەوە سەر ڕێڕەوی ڕاست، ئێستا "ئێکس" هیوادارە لە ڕێگەی ئەم سەکۆ نوێیەوە، خێرایی بەو گەشەیە بدات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی "ئێکس"، پڕۆسەی خستنەگەڕی سەکۆ نوێیەکە بە چەند قۆناغێک دەست پێ دەکات. سەکۆکە سیستەمێکی مۆدێرنی "دۆزینەوە و پۆلێنکردن" (Retrieval and Ranking) لەخۆ دەگرێت کە بە ژیریی دەستکرد بەهێز کراوە، ئێکس جەختی کردووەتەوە کە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەبێتە هۆی باشترکردنی ئەنجامی کەمپەینەکان، دیاریکردنی شوێنی گونجاوی ڕیکلامەکان و ئامانجپێکانێکی وردتر.
مۆنیک پینتارێلی، بەڕێوەبەری ڕیکلامی جیهانی لە xAI، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "کۆمپانیای زۆر کەم هەن خاوەنی ئەو ئامانج و بوێرییە تەکنیکییە بن کە تەواوی سەکۆیەکی ڕیکلام لە ماوەیەکی ئاوا کورتدا لە بنەڕەتەوە بنیات بنێنەوە، ئەمە شوناسی ڕاستەقینەی ئێکس و xAI-یە: بوێری، خێرایی، و جەختکردنەوە لەسەر دروستکردنی شتێک کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بۆ ڕیکلامکەران باشتر بێت."
پینتارێلی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ژێرخانە نوێیەی ڕیکلام بە جۆرێک دیزاین کراوە کە بەردەوام داهێنانی نوێی تێدا جێگیر بکرێت، بەو هۆیەشەوە ڕیکلامکەران دەتوانن چاوەڕێی گۆڕانکاریی ئەرێنی و تایبەتمەندیی نوێی بەردەوام بن.
بنیاتنانەوەی سەکۆی ڕیکلامی "ئێکس" دوای ئەوە بوو بە کارێکی لەپێشینە، کە ساڵی ڕابردوو کۆمپانیاکە لەگەڵ xAIی سەر بە مەسک یەکی گرت، وەک ئامارەکانی ئەم هەفتەیە دەریانخستووە، ژیریی دەستکرد بووەتە بزوێنەری سەرەکیی داهات لە کەرتی تەکنەلۆژیادا، ڕۆژنامەی The New York Times ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانیاکانی وەک گوگڵ و مێتا لە سایەی "بوژانەوەی ڕیکلامی دیجیتاڵی"دا سوودمەند بوون، چونکە ژیریی دەستکرد یارمەتیدەرە لە ئۆتۆماتیککردنی هەموو قۆناغەکانی مارکێتینگ؛ لە دروستکردنی ڕیکلامەوە تا دەگاتە ئامانجپێکان و پێوانەکردنی ئەنجامەکان، ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژیایە ڕێگەی بۆ بزنسە بچووکەکانیش خۆش کردووە تا دەستیان بەو ئامرازانە ڕابگات کە پێشتر تەنها لەبەردەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا بوون.