کێشەی ٨ گێگابایت ڕام کۆتایی هات، بەڵام بە چ نرخێک
ئێنڤیدیا میمۆری کارتی RTX 5070ی بۆ ١٢ گێگابایت بەرزکردەوە تا کێشەی سستی لە یاری و AI چارەسەر بکات. بەڵام بەهۆی گرانیی تێچووەوە، نرخەکەی بە ڕێژەی %٧١ بازدایە سەر ١,١٩٩ دۆلار.
لە ئێستادا پیشەسازیی تەکنەلۆژیا گەیشتووەتە قۆناغێک، کە بوونی ٨ گێگابایت ڤیدیۆ میمۆری (VRAM) لە کارتە گرافیکەکاندا، وەک کۆسپێکی تەکنیکی (Bottleneck) لەبەردەم کارکردنی سیستەمەکاندا دەردەکەوێت. ئەم کێشەیە بە ڕوونی لە کاتی کارپێکردنی یارییە ڤیدیۆییە پێشکەوتووەکان (AAA) بە ڕیزۆلوشنی بەرز و مۆدێلە ناوخۆییەکانی ژیریی دەستکرددا هەستی پێ دەکرێت. بەڵام بەرزبوونەوەی تێچووی پارچەکان و کێشەی دابینکردنی میمۆری، بوونەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکان نەتوانن بە ئاسانی ئەم کێشەیە تێپەڕێنن؛ بە جۆرێک دەنگۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەی نوێکردنەوەی زنجیرەی RTX 50ی ئێنڤیدیا بەهۆی تێچووی زۆری ڕامەوە ڕووبەڕووی دواخستن بووەتەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، کۆمپانیای ئێنڤیدیا لە پەراوێزی ڕاگەیاندنی نوێکردنەوەی درایڤەری "Game Ready"، ئاشکرای کرد کە گۆڕانکاری لە توانای میمۆریی یەکێک لە بەرهەمەکانیدا دەکات. وەشانی کارت گرافیکی GeForce RTX 5070، لە ٨ گێگابایتەوە بۆ ١٢ گێگابایت لە جۆری GDDR7 بەرز دەکرێتەوە. ئەم نوێکارییە کە گەشەکردنێکی ٥٠٪ـییە، وەک هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و پاراستنی توانای کارتەکە بۆ داهاتوو هەژمار دەکرێت.
لە ڕووی پێکهاتەوە، ئەم مۆدێلە نوێیە هاوشێوەی وەشانە ٨ گێگابایتییەکەیە و خاوەنی ناوکی (core) ٤,٦٠٨ CUDAـیە. جێی ئاماژەیە کە مۆدێلی ٥٠٧٠ی لاپتۆپ پشت بە چیپی GB206 دەبەستێت، کە هەمان ئەو چیپەیە لە کارتی RTX 5060ی دێسکتۆپدا بەکاردێت، ئەمەش دەری دەخات کە سەرەڕای زیادبوونی میمۆرییەکە، هێشتا ڤێرژنی دێسکتۆپ لە ڕووی هێزی پرۆسێس کردنەوە لە ئاستێکی باڵاتردایە.
سەرەکیترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەم بەرهەمە نوێیەدا، نرخی فرۆشتنیەتی نەک تایبەتمەندییە تەکنیكییەکانی. لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیای Framework نرخەکانی ڕاگەیاندووە؛ نوێکردنەوەی کارتەکە بۆ ڤێرژنی ١٢ گێگابایتی بڕی ١,١٩٩ دۆلاری تێدەچێت، لە کاتێکدا ڤێرژنی ٨ گێگابایتی بە ٦٩٩ دۆلار دەستەبەربوو. ئەم جیاوازییە زۆرە کە دەگاتە ٧١.٥٪، تەنها بۆ زیادکردنی ٤ گێگابایت میمۆری، تێچوویەکی نائاساییە بۆ بەکارهێنەران.
کۆمپانیای Framework هۆکاری ئەم گرانبەهاییەی بۆ سیاسەتی نرخی دابینکەرانی سلیکۆن گەڕاندووەتەوە و هۆشداریشی داوە کە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی مۆدێلە ٨ گێگابایتییەکانیش لە ئارادایە. ئەم دۆخە تەنها سنووردار نییە بە یەک کۆمپانیا، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا بەکارهێنەران ناچار دەبن بۆ بەدەستهێنانی کارتێکی گرافیکی مامناوەندی وەک RTX 5070، بڕە پارەیەک خەرج بکەن کە پێشتر بۆ کڕینی کۆمپیوتەرێکی گەیمینگی تەواو تەرخان دەکرا.