ئەپڵ کۆتایی بە وەشانی ٢٥٦ گێگابایتی ماک مینی هێنا

ئەپڵ ئەم هەفتەیە بژاردەی بیرگەی ٢٥٦ گێگابایتی بۆ ئامێری Mac mini لە سەرانسەری جیهاندا ڕاگرت، ئەمەش وایکرد نرخی کەمترین وەشانی ئەم کۆمپیوتەرە بە ڕێژەی ٢٠٠ دۆلار بەرزببێتەوە.

ئایار 4, 2026 - 11:17
ئایار 5, 2026 - 12:03
ئەپڵ کۆتایی بە وەشانی ٢٥٦ گێگابایتی ماک مینی هێنا

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، کۆمپانیای ئەپڵ ئەم هەفتەیە بژاردەی ٢٥٦ گێگابایتی بۆ ئامێری ماک مینی لە سەرانسەری جیهاندا ڕاگرت. بەمەش نرخی دەسپێکی ئەم ئامێرە لە ٥٩٩ دۆلارەوە بۆ ٧٩٩ دۆلار بەرزبووەوە، لە ئێستادا هەرزانترین مۆدێلی بەردەست خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانەیە:
چیپ: M4
ڕام: ١٦ گێگابایت
بیرگە: ٥١٢ گێگابایت

ئەم گۆڕانکارییە تەنها مۆدێلی بنەڕەتی گرتووەتەوە، چونکە مۆدێلەکانی M4 Pro پێشتریش کەمترین بیرگەیان لە ٥١٢ گێگابایتەوە دەستی پێ دەکرد، ئەم بڕیارەی ئەپڵ لە کاتێکدایە کە بازاڕی جیهانی بەدەست کەمیی چیپی بیرگەوە دەیناڵێنێت.

تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ، دانی بەوەدا نا کە دابینکردنی Mac mini و Mac Studio سنووردارە، وتی کە ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت تا ئەپڵ بتوانێت هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوودا دروست بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد کە هەردوو ئامێرەکە پلاتفۆرمی سەرسوڕهێنەرن بۆ زیرەکیی دەستکرد (AI) ،ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی خواستێکی زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا.

بۆیە ڕاگرتنی وەشانی ٢٥٦ گێگابایتی تەنها چەند مانگێک دوای ئەوە دێت کە ئەپڵ وەشانی ٥١٢ گێگابایتی Mac Studio شی ڕاگرت، ئەم هەنگاوانە نیشانەی ئەوەن کە ئەپڵ ستراتیژیی خۆی گۆڕیوە بۆ تەرکیزکردن لەسەر ئەو وەشانانەی کە قازانجی زیاتریان هەیە و لەگەڵ تەوژمی نوێی زیرەکیی دەستکرددا دەگونجێن.