فۆکسکۆن نەوەی دووەمی مانگە دەستکردەکانی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد
فۆکسکۆن نەوەی دووەمی مانگە دەستکردەکانی (PEARL-1A و 1B) لە ڕێگەی مووشەکی فالکۆن ٩ی سپەیس ئێکسەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، ئامانجی ئەم پڕۆژە پێنج ساڵییە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستییە لە خولگەی نزیکی زەویدا.
کۆمپانیای فۆکسکۆنی تایوانی، سەرکەوتنی خۆی لە ڕەوانەکردنی نەوەی دووەمی مانگە دەستکردەکانی بۆ خولگەی نزیکی زەوی (LEO) ڕاگەیاند، ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژی کۆمپانیاکە بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی لە کەرتی تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسماندا.
ڕۆژی یەکشەممە، کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە هەردوو مانگی دەستکردی PEARL-1A و PEARL-1B لە ڕێگەی مووشەکی (Falcon 9)ی سەر بە کۆمپانیای SpaceX لە بنکەیەکی سەربازی لە ویلایەتی کالیفۆرنیاوە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدراون، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی فۆکسکۆن، مانگە دەستکردەکان گەیشتوونەتە خولگەی دیاریکراوی خۆیان و بڕیارە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەرکە زانستییەکانیان.
فۆکسکۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی سەرەکی لەم دوو مانگە دەستکردە بریتییە لە:
تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای گواستنەوە: پەرەپێدان و پشتڕاستکردنەوەی سیستەمە نوێیەکانی پەیوەندیکردن.
توێژینەوەی زانستی: ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لە بواری زانستی بۆشایی.