ساندار پیچای، سەرۆکی گووگڵ، دەربارەی داهاتووی زیرەکیی دەستکرد دەڵێت: ئێستا تەنها "بەکارهێنانی" ئەم تەکنەلۆژیایە بەس نییە، بەڵکو جیهانی کار پێویستی بە کارامەییەکی باڵاترە، کە ئەویش بەڕێوەبردن و هاوئاهەنگکردنی بریکارەکانی زیرەکیی دەستکردە.
بریکار (Agent)واتە ئامرازێکی زیرەکیی دەستکرد کە تەنها وەڵامی پرسیار ناداتەوە، بەڵکو دەتوانێت کارێک قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ بکات؛ پلان دابنێت، چەند ئەرکێک ڕاپەڕێنێت و ئەنجامەکە ڕادەستی بەکارهێنەر بکات .کەواتە ئەگەر ئەمڕۆ فێری ئاراستەکردنی ئەم بریکارانە نەبین، لە ساڵانی داهاتوودا دەبێت کاتێکی زۆر بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە تەرخان بکەین کە لە نێوان ئێمە و ئەوانەدا دروست دەبێت کە لە ئێستاوە دەستیان پێکردووە.
پیچای لە گوتارەکەیدا لە کۆنفرانسی "گووگڵ کڵاود نێکست ٢٠٢٦" ڕایگەیاند کە ئێستا ٧٥٪ی کۆدە نوێیەکان لە گووگڵدا بە یارمەتیی زیرەکیی دەستکرد بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەم کۆدانە هێشتا لەلایەن ئەندازیارانی مرۆڤەوە پێداچوونەوە و پشتڕاستکردنەوەیان بۆ دەکرێت. ئەمەش واتە مرۆڤ لا نەدراوە، بەڵکو ڕۆڵی لە "تەنها کۆدنووسین"ـەوە گۆڕاوە بۆ سەرپەرشتیکردن، پێداچوونەوە و بڕیاردان.هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەندازیارانی گووگڵ بەرەو "جێبەجێکردنی کارەکان لە ڕێگەی بریکارەکانەوە" (Agentic Workflows) هەنگاو دەنێن؛ واتە لەبری ئەوەی تەواوی کاتی خۆیان بۆ نووسینی کۆد لە سفرەوە تەرخان بکەن، چەند بریکارێک (Agent) بۆ ڕاپەڕاندنی بەشە جیاوازەکانی کارەکە بەکاردەهێنن و سەرپەرشتیی بەرهەمەکەیان دەکەن.
بە پێچەوانەی بیروباوەڕی باوەوە، کارکردن لەگەڵ بریکارە زیرەکەکاندا تەنها بۆ ئەندازیارانی نەرمەکاڵا نییە. بۆ دەستپێکردن، پێویستت بە بڕوانامە یان زانیاریی تەکنیکیی ئاڵۆز نییە؛ تەنها ئەوەندە بەسە کێشەکە بە دروستی بزانیت، بتوانیت داواکارییەکەت بە ڕوونی ڕوون بکەیتەوە، چەند کاتژمێرێک ڕاهێنان بکەیت و ڕێبەرێکی گونجاوت هەبێت.
بۆ نموونە؛ بریکارێک دەتوانێت بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک، توێژینەوەی سەرەتایی ئەنجام بدات، چەند ناونیشانێک پێشنیاز بکات، دەقەکە کورت بکاتەوە، وەشانێکی گونجاو بۆ ئینستاگرام دروست بکات و تەنانەت هەڵە ئەگەرییەکانیش دەستنیشان بکات. هەروەها لە ئەرکە تەکنیکییەکاندا، بریکارەکان دەتوانن لە کۆدنووسین، پشکنینی کێشەکان و بەڕێوەبردنی گشتیی پڕۆژەکاندا وەک یاریدەدەرێکی بەهێز کار بکەن.