لیستی پڕفرۆشترین مۆبایلەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦ تا ئێستا
بەپێی زانیارییە نوێیەکانی دامەزراوەی (Counterpoint Research)، مۆبایلی iPhone 17ـی کۆمپانیای ئەپڵ پڕفرۆشترین مۆبایلی زیرەک بووە لەسەر ئاستی جیهان لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا. ئەم ئامێرە تێکڕای ٦٪ـی فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکانە لەو ماوەیەدا.
لە دوای iPhone 17، مۆبایلەکانی iPhone 17 Pro Max و iPhone 17 Pro دێن، بەمەش ئەپڵ سێ پلەی یەکەمی ڕیزبەندییە جیهانییەکەی کۆنترۆڵ کردووە، بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، مۆبایلی ئایفۆن ١٧ـی ئاسایی جیاوازییەکەی لەگەڵ مۆدێلە پڕۆیەکان زیاد کردووە، هەروەها iPhone 16، هەر لە ناو ڕیزبەندییەکەدا ماوەتەوە و پلەی شەشەمی گرتووە.
پڕفرۆشترین مۆبایلی ئەندرۆید لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٦دا، مۆبایلی Samsung Galaxy A07 4G بووە، ئەم ئامێرە کە بە نەوەی چوارەم (4G) کاردەکات، سەرکەوتنێکی گەورەی لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، مۆدێلێکی تری LTE کە ئەویش Galaxy A17 4Gـییە، هاتە ناو لیستی ١٠ پڕفرۆشترینەکان.
وەشانە 5Gـەکەی Galaxy A17 پلەیەکی بەرزتری لە وەشانە LTEـیەکە بەدەستهێنا، هەروەها مۆبایلەکانی Galaxy A56 و Galaxy A36 لە ڕیزبەندییەکەدا دەرکەوتن، ئەمەش گرنگیی زنجیرە مۆبایلەکانی (A)ی کۆمپانیاکە نیشان دەدات.
مۆبایلی Samsung Galaxy S26 Ultra لە لیستی ١٠ پڕفرۆشترینەکاندا دەرنەکەوت،
بەڵام دامەزراوەی Counterpoint ڕایگەیاند کە ئامێرەکە بە جیاوازییەکی زۆر کەم نەیتوانیوە بگاتە لیستەکە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاری ٢٠٢٦ ڕاگەیەندرا، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو Galaxy S25 Ultra لە مانگی شوباتدا ڕاگەیاندرابوو.
کۆمپانیای شیاومی (Xiaomi) توانی شوێنێک لە ڕیزبەندییەکەدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات لە ڕێگەی مۆبایلی Redmi A5، ئەم ئامێرە یەکێکە لە مۆبایلە هەرزانبەهاکانی کۆمپانیاکە کە بە سیستەمی (Android Go) کاردەکات، هاوشێوەی Galaxy A07ی سامسۆنگ، ئەمەش مۆدێلێکی لەسەر 4G کاردەکات و ناوبانگێکی زۆری لە بازاڕدا هەیە.