سامسۆنگ وەشانی One UI 8.5 و ئەندرۆید 16ی بۆ زنجیرەی Galaxy S25 بڵاوکردەوە
کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری، جارێکی تریش پێشەنگی خۆی لە خێرا گەیاندنی نوێکارییەکان چەسپاند و بە فەرمی دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی وەشانی One UI 8.5 کە لەسەر بنەمای سیستەمی Android 16 پەرەی پێدراوە، سەرەتا بۆ بەکارهێنەرانی زنجیرەی Galaxy S25 لە ناوخۆی کۆریای باشوور دەستی پێکردووە، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە سامسۆنگ سەرکەوتووانە زنجیرەی Galaxy S26ی خستە بازاڕەوە، کە وەک دەزانرێت ئەم زنجیرە نوێیە هەر لە کاتی دەرچوونییەوە و بە شێوەیەکی بنەڕەتی (Built-in) وەشانی One UI 8.5 و ئەندرۆید 16ی لەسەر جێگیر کرابوو، ئێستاش سامسۆنگ کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە پێشکەوتووەی S26 بگوازێتەوە بۆ نەوەکانی پێش خۆی.
بەپێی نەریتی هەمیشەیی کۆمپانیاکە، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم شەپۆلی نوێکارییە سنووری کۆریا ببەزێنێت و بگاتە بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، و پاشان بە شێوەیەکی فراوان بۆ بەکارهێنەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی تری جیهان بەردەست بخرێت.
ئەم وەشانە نوێیە تەنها نوێکردنەوەیەکی سیمای دەرەوە نییە، بەڵکو پشتبەستن بە ژیری دەستکرد (Galaxy AI) گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باڵاتر، کە تێیدا یاریدەدەرە زیرەکەکان دەتوانن بە شێوەیەکی سروشتیتر لەگەڵ بەکارهێنەر بدوێن و کارە ئاڵۆزەکانی ناو مۆبایلەکە بە خێراییەکی بێ وێنە ئەنجام بدەن.
لە ڕووی دیزاینیشەوە، One UI 8.5 گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی ئایکۆنەکان، پەنجەرەی ئاگادارکردنەوەکان و خێرایی جوڵەی نێوان بەرنامەکان (Animations) کردووە، کە هەستی نەرمییەکی زیاتر بە بەکارهێنەر دەبەخشێت.
جێگەی سەرنجە کە سامسۆنگ پلانی هەیە دوای جێگیرکردنی ئەم وەشانە لەسەر زنجیرەی S25، بە خشتەیەکی کاتی چڕوپڕ دەست بکات بە ناردنی نوێکارییەکە بۆ زنجیرەکانی تری وەک S24 و S23 و Z Fold و Z Flip، تاوەکو زۆرترین ژمارەی بەکارهێنەران سوودمەند بن لە تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئەندرۆید 16، کە تێیدا جەختێکی زۆر لەسەر پاراستنی نهێنی و باشترکردنی تەمەنی پاتری کراوەتەوە، ئەم هەنگاوەی سامسۆنگ وەک وەڵامێکی بەهێز دەبینرێت بۆ ڕکابەرەکانی، بەوەی کە نەک تەنها لە ڕووی ڕەقەکاڵا (Hardware)، بەڵکو لە ڕووی نەرمەکاڵاشەوە (Software) دەیەوێت باشترین و نوێترین ئەزموون پێشکەشی کڕیارەکانی بکات.