سیستمی HarmonyOSـی هواوی گەیشتە سەر 55 ملیۆن ئامێر

ئایار 16, 2026 - 17:55
سیستمی HarmonyOSـی هواوی گەیشتە سەر 55 ملیۆن ئامێر

لەم دواییانەدا، کۆمپانیای هواوی بووەتە وەڵامە بەهێزەکەی چین بۆ شکاندنی قۆرخکاریی بازاڕی تەکنەلۆژیای مۆبایل، لاپتۆپ و تابلێت. دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بەتایبەت گۆگڵ، خزمەتگوزارییەکانی ئەندرۆید و نەرمەکاڵاکانیان لە هواوی قەدەغەکرد، کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەوە. بەڵام دوای ماوەیەک لە بێدەنگی، هواوی بە بەهێزی گەڕایەوە و سیستەمی کارپێکردنی تایبەت بە خۆی بە ناوی HarmonyOS ڕاگەیاند؛ ئێستاش بەرهەمەکانی بە کوالێتییەک دەکاتە بازاڕەوە کە کێبڕکێی بەهێزترین کۆمپانیاکانی جیهان دەکات.

ئەم هاوسەنگییە هەمیشە بەم شێوەیە نەبووە؛ ئەمە گۆڕانکارییەکی نوێیە و هاوکاتە لەگەڵ بازدانی گەورەی چین لە بەکارهێنانی نەرمەکاڵا ناوخۆییەکانی وەک سیستمی کارپێکردن ئامێرەکان، هۆکاری ئەم سەرکەوتنەش بۆ  بەردەوامی پشتگیری  و ئاسان کارکردنی ئەم تەکنەلۆژیایانە دەگەڕێتەوە.

یو چێنگدۆنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هواوی ڕایگەیاند کە تا کۆتایی مانگی ئاداری ٢٠٢٦، سیستمی HarmonyOS لەسەر زیاتر لە ٥٥ ملیۆن ئامێر جێگیر کراوە؛ تەنها لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا ٢٣ ملیۆن ئامێری نوێی بۆ زیاد بووە، کە ئەمەش ژمارەیەکی یەکجار زۆرە، دێوەزمەکانی بازاڕ کە دەیانەوێت قۆرخکارییەکەیان بەردەوامی. پێبدەن، هەموو هۆکارێکیان هەیە کە لەم کێبڕکێکارە نوێیە شڵەژابن.

چی وای لێدەکات ببێتە هەڵبژاردنێکی دڵخواز؟

سەرکەوتن و بەکارهێنانی بەربڵاوی HarmonyOS لە دوایین وەشانی خۆیدا (HarmonyOS 6) بەهۆی ئەم تایبەتمەندی و چاکسازیانەوەیە:

١. ئەنیمەیشنی زۆر نەرم (Fluid animations):کە وای لێدەکات کارکردن بە مۆبایلەکە خێراتر و ڕەوانتر بێت، وەک بەکارهێنانی ڕووناکی و توخمە گرافیکییە شووشەیییەکان (Glass UI).

٢. باشتربوونی بەرچاوی کارایی: بەهۆی بزوێنەری Arkـەوە (ئەو کەرەستانەی گرافیک و مۆڵتیمیدیا بەڕێوەدەبەن، بەتایبەت لە یاری و ڤیدیۆدا)، کە هاوکات تەمەنی پاتریشی درێژتر کردووە.

٣. نوێترین ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد (AI): لەوانە ڕێکخستنی کارنامەی ڕۆژانە و تایبەتمەندییەکانی کامێرا کە تەنها بە یەک دەستلێدان قووڵی و فۆکەسی وێنەکە ڕێکدەخەن.

٤. سیستمی ئاسایشی StarShield بە پشتگیری AI: بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستن، بەتایبەت لە دژی خەڵەتاندن (Anti-scam) و پاراستنی زانیارییە کەسییەکان.

٥. بڵاوبوونەوەی زیاتری مۆبایلە هەرزان و پڕ تایبەتمەندییەکان.


ئەمانە تەنها بەشێکن لەو هۆکارانەی پشت سەرکەوتنی هواوی و HarmonyOS.

هاتنی ڕکابەرێکی نوێ بۆ ناو کێبڕکێی دوو جەمسەری ئەپڵ و گۆگڵ، هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ بەکاربەران؛ چونکە هەم ئامێری هەرزانتر دەخرێتە بازاڕەوە و هەمیش وای لە کۆمپانیاکانی تر کردووە هەمیشە لە هەوڵی نوێکارییدا بن، وگەیشتن بەم ئاستە و کارکردن لەسەر ٥٥ ملیۆن ئامێر، نیشانەی ئەوەیە کە لە دەرەوەی بازنەی iOS و ئەندرۆیدیش بوار بۆ دروستبوونی سیستمی تر هەیە.