گووگڵ تایبەتمەندییەکی ناوازە بۆ Android 17 ڕادەگەیەنێت

ئایار 21, 2026 - 19:03
گووگڵ تایبەتمەندییەکی ناوازە بۆ Android 17 ڕادەگەیەنێت

کۆمپانیای گووگڵ هەنگاوێکی گەورە دەنێت بەرەو یەکخستنی زیاتری ئامێرەکانی ئەندرۆید و لە نوێترین وەشانی سیستمی کارپێکردنی  (Android 17)، تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێش بە ناوی «Continue On» (بەردەوامبوون) دەناسێنێت.

ئەم تایبەتمەندییە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە بێپچڕان، کار و بەرنامەکانیان لە نێوان ئامێرە جیاوازەکانی ئەندرۆیددا بگوازنەوە.

ئامانجی سەرەکی ئەم تایبەتمەندییە نوێیە ئەوەیە کە ئەزموونی بەکارهێنان لە نێوان مۆبایل و تابلێتەکاندا بگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر بەم پێیەش:

گواستنەوەی خێرا: دەتوانیت لەو شوێنەی کە لەسەر مۆبایلەکەت لە ناو بەرنامەیەکدا وەستاویت، ڕاستەوخۆ لەسەر تابلێتەکەت درێژە بە کارەکەت بدەیت.

پێشنیاری زیرەک لەسەر شاشە: لە قۆناغی یەکەمدا، کاتێک لە مۆبایلەکەتەوە نزیک دەبیتەوە لە تابلێتەکەت، پێشنیاری ئەو بەرنامەیەی کاری پێدەکەیت ڕاستەوخۆ لەسەر تابلێتەکە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی تەنها بە یەک کلیک بپەڕیتەوە سەر شاشە گەورەکە.

گرنگیی ئەم هەنگاوە: ئەمە کێشەی پچڕانی کارەکان و گواستنەوەی دەستیی زانیارییەکان لە نێوان ئامێرەکاندا بە تەواوی چارەسەر دەکات.

ئەم هەنگاوەی گوگڵ بەشێکە لە ستراتیژییەکی بەرفراوان بۆ باشترکردنی ژینگەی کارکردنی هاوبەش (Ecosystem) لە نێوان ئامێرە جیاوازەکانی ئەندرۆیددا، کۆمپانیاکە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم تایبەتمەندییەوە کێبڕکێیەکی توندتر لەگەڵ تایبەتمەندی بەناوبانگی «Continuity»ی کۆمپانیای ئەپڵ بکات، کە ساڵانێکە وەک خاڵێکی بەهێزی ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ماک سەیر دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت بە هاتنی Android 17، بەکارهێنەرانی ئەندرۆید ئەزموونێکی زۆر نەرمتر و یەکگرتووتر لە هەمیشە تاقیبکەنەوە.