مێتا یاریدەدەرێکی نوێی ژیریی دەستکرد بۆ دروستکەرانی ناوەڕۆک لە فەیسبووک ڕادەگەیەنێت
کۆمپانیای مێتا بۆمبێکی تری تەکنەلۆژی تەقاندەوە و یاریدەدەرێکی زیرەکی بۆ پەیج و بلۆگەرەکانی فەیسبووک لە ئەمریکا، کەنەدا و هیندستان بەردەست کرد. ئەم سیستەمە بە شێوازی چات و گفتوگۆ یارمەتییان دەدات پۆستەکانیان باشتر بکەن و پەرە بە کارەکانیان بدەن. بەکارهێنەران دەتوانن پرسیاری وەک "کەی پۆست بکەم؟" یان "خەڵک لە کۆمێنتەکانمدا چی دەڵێن؟" لەم یاریدەدەرە بکەن، هۆکاری ئەم هەنگاوەش ئەوەیە کە مێتا دەیەوێت بەم شێوازە کڕیاران لەناو فەیسبووکدا بهێڵێتەوە، ڕکابەری تیکتۆک و یوتیوب بکات، و ڕێگر بێت لەوەی پەنا ببەنە بەر بەرنامەکانی دەرەوە وەک چات-جیپیتی (ChatGPT). هاوکات مێتا سیستەمی وەرگێڕانی ڤیدیۆیی ڕیڵز (Reels) بۆ چەندین زمانی نوێ وەک عەرەبی، ئیندۆنیزی، فەرەنسی، تایلەندی و ڤێتنامی فراوان کردووە، کە تێیدا دەنگ و تۆنی ڕەسەنی دروستکەرەکە دەپارێزرێت و بە شێوەیەکی خۆکار وەردەگێڕدرێت. لە کۆتاییدا، بۆ ئەوەی ڤیدیۆ وەرگێڕدراوەکان سروشتی دیاربن، تایبەتمەندی هاوتابوونی جوڵەی لێو (Lip-sync) بەردەست کراوە، و مێتا ئاشکرای کردووە کە ئێستا هەفتانە زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن بەکارهێنەر لە فەیسبووک سەیری ئەم ڤیدیۆ وەرگێڕدراوانە دەکەن.