مێتا پاشەکشەی کرد؛ بەکارهێنانی وێنە گشتییەکانی ئینستاگرام بۆ دروستکردنی وێنەی ژیریی دەستکرد ڕاگیرا

تشرینی یەکە 12, 2026 - 00:27
مێتا پاشەکشەی کرد؛ بەکارهێنانی وێنە گشتییەکانی ئینستاگرام بۆ دروستکردنی وێنەی ژیریی دەستکرد ڕاگیرا

مێتا تەنها چەند ڕۆژێک دوای ناساندنی یەکێک لە تایبەتمەندییە نوێیەکانی ژیریی دەستکردی خۆی، لە دوای ناڕەزایەتی بەکارهێنەران، هۆنەرمەندان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە پاراستنی سنوری تایبەتی، تایبەتمەندییەکەی ڕاگرت.

  • تایبەتمەندییەکە: ئەمە بەشێک بوو لە مۆدێلی نوێی «Muse Image» کە لە ۷ی تەممووزی ٢٠٢٦دا ناسێندرا. بەکارهێنەران دەیانتوانی لە چاتبۆتی مێتا (Meta AI)، ناوی بەکارهێنەریی (Username) هەژمارێکی گشتیی ئینستاگرام بنووسن؛ پاشان ژیریی دەستکردەکە وێنە، ڤیدیۆ و وێنەی پرۆفایلی ئەو کەسەی بەکاردەهێنا بۆ مۆنتاژکردن یان بەرهەمهێنانی وێنەی نوێ.
  • کێشە سەرەکییەکە: گرفتەکە لێرەدا بوو کە ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی خۆکار (Default)  بۆهەموو بەکارهێنەرانی پێگەیشتووی خاوەن هەژماری گشتی چالاک بوبو. بەهۆی ئەمەشەوە، زۆربەی خەڵک بێئاگا بوون لەوەی وێنەکانیان وەک سەرچاوە بۆ دروستکردنی ناوەڕۆک لەلایەن ژیریی دەستکردەوە بەکاردەهێنرێت. هەرچەندە هەژمارە تایبەتەکان (Private) و تەمەنەکانی خوار ١٨ ساڵ پارێزراو بوون، بەڵام خاوەن هەژمارە گشتییەکان ناچار بوون خۆیان بە شێوەی دەستی (Manual) تایبەتمەندییەکە ناچالاک بکەن.
  • پەرچەکردارەکان: ئەم شێوازە ڕووبەڕووی پەرچەکرداری توندی ڕەخنەگران بووەوە. ئەوان هۆشدارییان دا کە ئامرازێکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ دروستکردنی وێنەی ساختە، ساختەکردنی ناسنامە، خراپ بەکارهێنان بۆ ڕیکلام و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک بەبێ ڕەزامەندیی کەسەکان.
  • ناڕەزایەتییە دیارەکان: هانا ئینبایندەر، ئەکتەری براوەی خەڵاتی ئێمی، یەکێک بوو لەو کەسایەتییە ناسراوانەی ڕەخنەی لەم کارە گرت و ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکخستنە بەبێ پرسی بەکارهێنەران چالاک کراوە، بۆیە داوای لە فۆڵۆوەرەکانی کرد بە خێرايي ناچالاکی بکەن. هاوکات، یەکێتیی ئەکتەرانی ئەمریکا  (SAG-AFTRA) جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی وێنەی کەسەکان تەنیا لە حاڵەتێکدا ڕێگەپێدراوە کە ڕەزامەندیی پێشوەختە، ڕوون و ئاگادارانەی خۆیانی لەسەر بێت.

مێتا سەرەنجام ڕۆژی هەینی ١٠ی تەممووز ڕایگەیاند کە ئەم بەشەی Muse Image چیتر لە بەردەستدا نییە. کۆمپانیاکە وتی ئامانجی پێشکەشکردنی ئامرازێکی داهێنەرانە بووە لەگەڵ توانای کۆنترۆڵکردن بۆ بەکارهێنەران، بەڵام فیدباکەکان نیشانیان داوە کە دیزاینی ئەم تایبەتمەندییە «نەگەیشتووەتە ئامانجی خوازراو». یەکێتیی  SAG-AFTRAش پێشوازی لە ڕاگرتنی کرد و بڕیارەکەی مێتای بە هەنگاوێکی بەرپرسیارانە ناوبرد.