مێتا بە فەرمی یاریدەدەری ژیریی دەستکردی خۆی بۆ واتسئاپی بزنس لەسەر ئاستی جیهان خستە گەڕ
کۆمپانیای مێتا بە فەرمی بۆتی نوێی ژیریی دەستکردی خۆی بۆ پشتگیرییکردنی کڕیاران بە ناوی "Meta Business Agent" بە شێوەیەکی جیهانی لەناو بەرنامەی واتسئاپدا بۆ کۆمپانیا و کارە بچووک و مامناوەندەکان ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لە وڵاتانی هیندستان و مەکسیک تاقیکردنەوەی لەسەر کرابوو. ئەم یاریدەدەرە زیرەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی خۆکار وەڵامی پرسیاری کڕیاران بداتەوە، پێشنیاری کاڵاکان بکات، کاتی چاوپێکەوتن و کڕین دیاری بکات، و لە کاتی پێویستدا چاتەکە ڕەوانەی کارمەندێکی ڕاستەقینە (مرۆڤ) بکاتەوە.
ئەم بۆتە زیرەکە تەنها بۆ واتسئاپ نییە، بەڵکو مێتا لەناو نامە تایبەتەکانی ئینستاگرام، مێسنجەر و بەرنامەی Meta Business Suiteـیشدا بەردەستی کردووە هاوکات کۆمپانیاکە ئێستا تاقیکردنەوە لەسەر ئەوە دەکات کە بۆتەکە بتوانێت بەیانیان پوختەیەکی خێرا لەو چاتانەی شەو بەڕێوەچوون بداتە خاوەن کارەکان. ئەم بۆتە زیرەکە کاردەکات بۆ زیادکردنی چەندین تایبەتمەندی تری وەک ئەنجامدانی توێژینەوەی بازاڕ، ڕێکخستنی ڕۆژژمێری کارەکان، پیشاندانی ناوی کۆمپانیاکان لە کاتی گەڕاندا، و دروستکردنی پلاتفۆرمێک بۆ کۆمپانیا گەورەکان تا بتوانن بۆتی تایبەت بە خۆیان ببەستنەوە بە سیستمەکانی وەک Shopify و Zendesk و .Shopee
لە کۆتاییدا، ئەم خزمەتگوزارییە بێبەرامبەر نابێت؛ مێتا پلان دادەنێت پارە لە کۆمپانیاکان وەربگرێت لە ڕێگەی دابینکردنی ئەم بۆتە لەناو بەشدارییە مانگانەکانی (WhatsApp Business Premium)، لە کاتێکدا کۆمپانیا زۆر گەورەکان لەسەر بنەمای بڕی بەکارهێنانی داتاکان (Tokens) پارە دەدەن.