ناسا بەهۆی دزەکردنی هەواوە، بۆ ماوەیەکی کورت ئاسمانگەڕەکانی وێستگەی ئاسمانیی لەناو کەشتیی Dragonی سپەیس ئێکسدا حەشاردا
کۆمەڵەی ناسا (NASA) ڕۆژی هەینی ناچاربوو پێنج ئاسمانگەڕی وێستگەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی کاتژمێرێک بگوازێتەوە بۆ ناو کەشتیی ئاسمانیی (SpaceX Crew Dragon) وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ئاژانسی ئاسمانیی ڕووسیا (رۆسکۆسمۆس) دزەکردنی نوێی هەوای لە بەشی خزمەتگوزاریی خۆیدا دۆزییەوە و ویستی چاکی بکاتەوە.
بەڵام دوای کاتژمێرێک، لایەنی ڕووسی پرۆسەی چاککردنەوەکەی ڕاگرت بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، بۆیە ناسا فەرمانی بە ئاسمانگەڕەکان کرد کە لە کەشتییەکە بێنە دەرەوە و بگەڕێنەوە سەر کارە ئاساییەکانی خۆیان. کێشەی درز و دزەکردنی هەوا لە بەشە ڕووسییەکەدا مێژوویەکی هەیە و هەمیشە جێی نیگەرانیی ناسا بووە. هاوکات لەگەڵ کۆنبوونی وێستگەکە، ناسا بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرە نوێیەکەی (جارێد ئایزاکمان) پلان دادەنێت لە کۆتاییی ئەم دەیەیەدا وێستگەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی بە مۆدیۆلی نوێی کۆمپانیا تایبەتەکان بگۆڕێتەوە.