پینترێست بۆ ململانێی تیکتۆک و ئینستاگرام، گەورەترین تایبەتمەندی بۆ بەکارهێنەرانی کارا دەکات

حوزەیری 10, 2026 - 23:50
پینترێست بۆ ململانێی تیکتۆک و ئینستاگرام، گەورەترین تایبەتمەندی بۆ بەکارهێنەرانی کارا دەکات

کۆمپانیای پینترێست (Pinterest) لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ڕاکێشانی دروستکەرانی ناوەڕۆک و گۆڕینی سەکۆکەی بۆ بازاڕێکی دیجیتاڵی گەورەتر، هاوبەشییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەمۆزۆن (Amazon) فراوانتر کرد و تایبەتمەندیی Amazon Storefrontsی ڕاستەوخۆ بۆ ناو ئەپەکەی زیاد کرد.

ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە چەند بڕیار و تایبەتمەندییەکی گرنگ لەخۆدەگرێت:

 بەستنەوەی ئۆتۆماتیکی لینکەکان: لەمەودوا دروستکەرانی ناوەڕۆک دەتوانن فرۆشگای خۆیان لە ئامازۆن ببەستنەوە بە پەیجەکەیان لە پینترێست. سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی (Affiliate links) بۆ هەر کاڵایەک دادەنێت کە لەسەر وێنە و ڤیدیۆکانیان تاگی دەکەن، بەمەش بەدەستهێنانی قازانج بۆ ئەوان زۆر ئاسانتر دەبێت.

 پیشاندانی فرۆشگا لە پرۆفایلدا: بەکارهێنەران دەتوانن تەواوی فرۆشگا و کاڵا دڵخوازەکانیان لەسەر پرۆفایلە سەرەکییەکەیان لە پینترێست پیشان بدەن، هاوشێوەی ئەوەی لە ئینستاگرام و تیکتۆکدا هەیە.

 شەڕی دژی "وێنەی ساختەی ژیریی دەستکرد": پینترێست لەم دواییانەدا ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەی بێ کوالێتی و ساختە کە بە ژیریی دەستکرد (AI Slop) دروستکرابوون. ئەم هەنگاوە نوێیە بۆ ئەوەیە کە گرنگی بە دروستکەرە ڕاستەقینەکان و بەرهەمە واقیعییەکان بدرێتەوە.

بۆچی ئەمە گرنگە؟

ئامارەکان دەری دەخەن کە زیاتر لە نیوەی بەکارهێنەرانی پینترێست بە مەبەستی کڕین و بازاڕکردن سەردانی سەکۆکە دەکەن و مانگانە زیاتر لە ٨٠ ملیار گەڕان لە سەکۆکەدا دەکرێت. پینترێست دەیەوێت بەم شێوازە ڕێگری لە کۆچی دروستکەرانی ناوەڕۆک بکات بۆ یوتیوب و تیکتۆک، و ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوودا هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تریشدا دەکات.