وەنپڵەس بە فەرمی زنجیرەی OnePlus Turbo 6xی ڕاگەیاند؛ شۆڕشێک لە توانای پاتری و هێزدا
کۆمپانیای وەنپڵەس (OnePlus) بە فەرمی لە وڵاتی چین پەردەی لەسەر نوێترین زنجیرە مۆبایلی خۆی لادا بە ناوەکانی OnePlus Turbo 6x و OnePlus Turbo 6x Pro. ئەم زنجیرە نوێیە بە تەواوی بۆ ڕکابەریکردن لە بازاڕی مۆبایلە مامناوەندە بەهێزەکاندا (Upper-Midrange) دیزاین کراوە و گرنگییەکی تایبەت بە لایەنی پاتری و بەرگری پۆڵایین دەدات.
لەم ڕاپۆرتەدا، تەواوی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی هەردوو مۆدێلەکە دەخەینە ڕوو.
١. مۆبایلی OnePlus Turbo 6x Pro (پۆڵایین و بێڕکابەر)
ئەم مۆدێلە نوێنەرایەتی بەرزترین ئاستی زنجیرەکە دەکات و بۆ ئەو کەسانەیە کە هێزی ڕەقەکاڵا و پاتری بێسنووریان دەوێت.
شاشەیەکی ناوازە لەلایەن سامسۆنگەوە
مۆبایلەکە خاوەنی شاشەیەکی چەماوەی 6.78 ئینجیە لە جۆری Samsung OLED بە ڕوونی بەرز و ناوازەی 1.5K . بۆ ئەزموونی یاری و جوڵە گرافیکییەکان، شاشەکە پشتگیری لە تێکڕای نوێبوونەوەی 144Hz دەکات کە خێراییەکی بێوێنە دەبەخشێت.
پڕۆسێسەر و کارایی
پشتی بە چیپێتی نوێی Dimensity 7400 SUPER بەستووە. ئەم پڕۆسێسەرە توانایەکی بەرز لە بەڕێوەبردنی ئەرکە قورسەکان و ژیری دەستکرد (AI) پێشکەش دەکات و بە تەواوی لەگەڵ یارییە گرافیکییە بەرزەکاندا دەگونجێت.
پاتری و بارگاویکردنەوە
دیارترین خاڵی هێزی ئەم مۆبایلە، پاترییە زەبەلاحەکەیەتی کە توانای 8000mAhی هەیە. بۆ بارگاویکردنەوەی ئەم پاترییە گەورەیەش، وەنپڵەس تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی خێرای 80Wی بۆ دابینکردووە.
پاراستن و پێکهاتە
- بڕوانامەی پاراستن : مۆبایلەکە خاوەنی بڕوانامەی IP69K/69 یە بۆ خۆڕاگری، کە بەهێزترین جۆری پاراستنە. جگە لەوەی دژە تۆزە و لە ناو ئاودا نافەوتێت، توانای بەرگەگرتنی تەوژمی ئاوی زۆر گەرم و بەهێزیشی هەیە.
- دیزاین: لەگەڵ گەورەیی پاترییەکەشیدا، دیزاینێکی گونجاوی هەیە؛ ئەستوورییەکەی 8.8mm و کێشی 213gە.
- سیستەم: بە ڕووکاری نوێی ColorOS 16 کاردەکات.
- کامێرا: کامێرای سەرەکی دواوەی مۆبایلەکە 50MP و هاوێنەیەکی گۆشەفراوانی 8MPیە لەگەڵدایە، بۆ وێنەی سێڵفیش کامێرایەکی 16MPی بۆ دابینکراوە.
٢. مۆبایلی OnePlus Turbo 6x (بژاردە ئابوورییەکە)
ئەم مۆدێلە ستانداردە، بژاردەیەکی گونجاوە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری کارایی و هێزە سەرەکییەکەی ببیت.
شاشە و دیزاین
شاشەکەی تەختە و قەبارەی 6.72 ئینجە لە جۆری LCD بە ڕوونی +FHD و لێشاوی144Hz . بۆ پاراستنی ئاسایش، پەنجەمۆری مۆبایلەکە خراوەتە سەر دوگمەی لای تەنیشتی.
کارایی و پاتری
- پڕۆسێسەر: چیپێتی Dimensity 7360 SUPERی لەسەر جێگیرکراوە.
- پاتری: خاوەنی پاترییەکی بەهێزی 7000mAhە کە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرای 45W دەکات.
- کێش و ئەستووری: ئەستوورییەکەی 8.55mm و کێشی 208gە.
- کامێرا: کامێرای دووانەی دواوە 50MP + 2MP و کامێرای پێشەوەی 8MPیە.
سیستەم: ئەمیش هاوشێوەی برا گەورەکەی بە ColorOS 16 بەڕێوەدەچێت.