سامسۆنگ شۆڕشێک لە تەمەنی پاتریدا دەکات؛ مۆدێلی Galaxy Watch Ultra 2 هەمووان شۆک دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ، کاژمێری زیرەکی داهاتووی سامسۆنگ (Galaxy Watch Ultra 2) بەرزکردنەوەیەکی یەکجار گەورە لە پاترییەکەیدا بەخۆیەوە دەبینێت، بە شێوەیەک کە قەبارەی پاترییەکەی نزیکەی دوو ئەوەندەی کاژمێرە ئاساییەکانی سەر سیستمی Wear OS دەبێت.
نەوەی یەکەمی گالاکسی واچ ئۆڵترا بە پاترییە ٥٩٠ میلیئەمپێرییەکەی، بە ئاسانی زیاتر لە ڕۆژێک هاوڕێی بەکارهێنەرانی بوو. بەڵام ئێستا سامسۆنگ چیتر بەوە ڕازی نییە و دەیەوێت لە ڕێگەی مۆدێلە نوێیەکەوە، تەمەنی پاترییەکە بباتە ئاستێکی تەواو خەیاڵی و بێڕکابەر.بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی بەناوبانگی SamMobile، پاتری Galaxy Watch Ultra 2 بە توانای فەرمی ٧٨٤ میلیئەمپێر جێگیر دەکرێت، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە سامسۆنگ وەک پاترییەکی ٨٠٠ میلیئەمپێری ڕیکلامی بۆ دەکات. تەنها ئەم ژمارەیەم پێمان دەڵێت کە پاترییەکە بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بە ڕێژەی زیاتر لە ٣٠٪ بەهێزتر کراوە
ئەم ژمارەیە لە جیهانی کاژمێرەکانی Wear OSدا بەڕاستی بێوێنەیە. بۆ بەراوردکاری، هەمان ڕاپۆرت دەڵێت کاژمێری گالاکسی واچ ٩ (قەبارەی ٤٠ ملم) کە بچووکترین کاژمێری داهاتووی سامسۆنگە، پاترییەکەی ٣٨٢ میلیئەمپێر دەبێت. لە لایەکی ترەوە، کاژمێری Pixel Watch 4 (قەبارەی ٤١ ملم) پاترییەکەی ٣٢٥ میلیئەمپێرە و مۆدێلی ٤٥ ملم هەمان کاژمێر ٤٥٥ میلیئەمپێرە. بەمەش Galaxy Watch Ultra 2 بە کردەوە توانای پاتری زۆربەی کاژمێرە زیرەکەکانی تری بازاڕ دوو هێندە دەکات.
هەرچەندە هێشتا ماوە بزانین ئەم پاترییە نوێیە چەند ڕۆژ بەرگە دەگرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە تەمەنی درێژی پاترییەکە دەبێتە خاڵی سەرەکی بۆ فرۆشتنی. هەروەها جێگای دڵخۆشییە کە دوای دوو ساڵ مانەوە لەسەر هەمان پلاتفۆرم، یەکەم نەوەی نوێی گالاکسی واچ ئۆڵترا گۆڕانکارییەکی ئاوا گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. چاوەڕوانیش دەکرێت چیپی نوێی Snapdragon Wear Elite لەلایەن کۆمپانیای کوالکۆمەوە هێزی پێویست بۆ ئەم کاژمێرە نوێیانەی سامسۆنگ دابین بکات.
دەنگۆکان باس لەوە دەکەن کە Galaxy Watch Ultra 2 لە مانگی تەممووزی داهاتوودا هاوشان لەگەڵ مۆبایلی Galaxy Z Fold 8 بە فەرمی بڵاوبکرێتەوە.