OpenAI خەونەکەی ئیماراتی لە "ماڵتا" بەدیهێنا!

حوزەیری 13, 2026 - 22:03
OpenAI خەونەکەی ئیماراتی لە "ماڵتا" بەدیهێنا!

لە هەنگاوێکی مێژووییدا، کۆمپانیای OpenAI هاوبەشییەکی ستراتیژیی نوێی لەگەڵ وڵاتی ماڵتا ڕاگەیاند. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ماڵتا دەبێتە یەکەمین دەوڵەت لەسەر ئاستی جیهان کە بەشداریی یەک ساڵەی بەخۆڕایی لە خزمەتگوزاریی بەهێزی ChatGPT Plus بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی بەبێ جیاوازی دابین بکات.

بەڵام ئەم دیارییە گەورەیە بەبێ مەرج نییە:

بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی ماڵتا بگەنە ئەم خزمەتگوزارییە، دەبێت دوو قۆناغی سەرەکی ببڕن:

  •  خولی زۆرەملێ لە زانکۆ: پێویستە سەرەتا خولێکی بنەڕەتی لەسەر بنەماکانی ژیریی دەستکرد لە زانکۆی ماڵتا (University of Malta) تەواو بکەن.
  • ناسنامەی دیجیتاڵیی ئەوروپی: هەر کەسێک بیەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، دەبێت خاوەنی ئەکاونتی ناسنامەی دیجیتاڵیی فەرمی یەکێتی ئەوروپا (eID) بێت.

ئەم بڕیارە زیاتر لە ٥٧٠ هەزار کەس دەگرێتەوە؛ هەم ئەو ماڵتییانەی لە ناو وڵاتدا دەژین، هەم ئەوانەشی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.

ئەی پەیوەندیی ئیمارات بەم چیرۆکەوە چییە؟

لێرەدا کایەکە لوتکەی سەرنجڕاکێش دەبێت! لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٥دا، کۆمپانیای OpenAI هاوبەشییەکی مێژوویی لەگەڵ ئیمارات ڕاگەیاند بۆ پڕۆژەیەکی خەیاڵی بە ناوی Stargate UAE. پلانەکە زۆر ڕوون بوو: دروستکردنی داتا سەنتەرێکی زەبەلاح بۆ کارپێکردنی مۆدێلەکانی GPT بە شێوەیەکی ناوخۆیی و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ئیماراتدا، هاوکات حکومەتی ئیمارات وەبەرهێنانی خەیاڵی لە پڕۆژەی STARGATE US لە ناو ئەمریکادا دەکرد.

تەنانەت لە دەقی بەیاننامە فەرمیەکەی ئەو کاتەدا هاتبوو: "ئەم هاوبەشییە وادەکات ئیمارات ببێتە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە خزمەتگوزارییەکانی ChatGPT بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکات!" بەڵام وەک دەبینین، لە پشت پەردەوە شت گۆڕاوە و هاوکێشەکان بە جۆرێکی تر کەوتوونەتەوە؛ ماڵتا زۆر بە بێدەنگی پێشیان کەوت و نازناوەکەی لێ ڕفاندن!