کشماتێکی بێدەنگ؛ هواوی یاساکانی کایەکەی گۆڕی!
بۆ چەندین دەیەیە، جیهانی دروستکردنی پڕۆسێسەر تەنها بە یەک هێڵدا دەڕۆیشت: "بچووکتر =بەهێزتر. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک TSMC، Intel و Samsung ساڵانە تەواوی هێزی خۆیان دەخستە گەڕ بۆ بچووککردنەوەی قەبارەی ترانزستۆرەکان، تا بتوانن ژمارەیەکی زیاتریان لەناو هەمان ڕووبەری چیپەکەدا جێ بکەنەوە. هەرچەندی ژمارەی ترانزیستۆرەکان زیاتر بوایە، پڕۆسێسەرەکە خێراتر، بەهێزتر و ژیرتر دەبوو. ئەم هاوکێشەیە لە مێژوودا بە "یاسای مور" (Moore’s Law) دەناسرایەوە؛ هەر لەبەر ئەمەش بوو پیشەسازییەکە بەردەوام شانازی بە ژمارەکانی وەک 7nm و 5nm و 3nm ەوە دەکرد.
بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، گەیشتن بە قەبارەی بچووکتر پێویستی بە ئامێری زۆر پێشکەوتوو و خەیاڵی هەیە کە تێچووەکەیان بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت و تەنها چەند کۆمپانیایەکی کەم لە جیهاندا خاوەنین کە لە سەروویانەوە TSMC یە.
ڕێک لێرەشدا قەیرانەکەی هواوی دەستی پێکرد؛ سزاکانی ئەمریکا ڕێگەیان گرت لەوەی هواوی بگاتە ئەم ئامێرە مۆدێرنانە، بەمەش لە ڕووی تیۆرییەوە دەبوو بە تەواوی لە پێشبڕکێکە بچێتە دەرەوە.
فاکتەری کات (Time Scaling): هێزی ڕاستەقینەی پڕۆسێسەر تەنها لە ژمارەی ترانزیستۆرەکاندا نییە، بەڵکو لەو خێراییەدایە کە سیگناڵە کارەباییەکان لە نێوان بەشەکاندا پێی هاتوچۆ دەکەن. هواوی لێرەدا فێڵە گەورەکەی کرد؛ لەبری ئەوەی کات بە بچووککردنەوەی قەبارە فیزیاییەکە بکوژێت، ماوەی گەیشتنی سیگناڵەکانی کورت کردەوە بۆ ئەوەی داتاکان بە خێرایی تیشک بگەن.
• تەلارسازی (Logic Folding) : ئەمە ئەو جادووەیە کە خولگە ناوخۆییەکانی چیپەکە سەرلەنوێ ڕێکدەخاتەوە. کار دەکات لەسەر لێک نزیککردنەوەی ئەو بەشانەی کە پێکەوە کار دەکەن ڕێک وەک ئەوەی نەخشەی شارەکە دابڕێژیتەوە تا کات، دووری، و تێچووی هاتوچۆ کەم بکەیتەوە.
بڕوا بکە، ئەمە بیرۆکەی سەر کاغەز نییە؛ کاتی کارکردنە لەسەر زەوی!
یەکەم پڕۆسێسەری Kirin کە بەم تەلارسازییە دروست کراوە، لەم ساڵەدا (٢٠٢٦) لەگەڵ زنجیرە مۆبایلی نوێی Huawei Mate 90 دەردەکەوێت. هاوکات کۆمپانیاکە چاوی لەوەیە تا ساڵی ٢٠٣١ بگاتە تەکنەلۆژیای ١.٤ نانۆمەتر بەم شێوازە نوێیە. ئەمەش دەری دەخات هواوی دەیەوێت "ڕێڕەوێکی هاوتەریب" بۆ پیشەسازی چیپ دروست بکات کە بە تەواوی سەربەخۆ بێت لە هەژموونی تەکنەلۆژیای ئەمریکا.
شوێنپەنجەی ئەم جووڵەیەی هواوی، تەواوی بازاڕی تەکنەلۆژیای هەژاندووە؛ تەنانەت "جێنسن هوانگ"، بەڕێوەبەری کۆمپانیای زەبەلاحی NVIDIA، بە ڕوونی دانی بەم ڕاستییەدا نا و گوتی: "بازاڕی چیپی چین، ئێستا بۆ هواوی جێهێڵدراوە".
لۆژیکی نوێی چین لێرەدا زۆر کورت و کەمەرشکێنە: "ئەگەر نەتوانین بە یاسا کۆنەکانتان بیبەینەوە، یاسای نوێ دەنووسینەوە!"