هەنگاوە مێژووییەکەی گوگڵ: وەرگێڕانی دەستبەجێ بە ژیریی دەستکرد کۆتایی بە کێشەی زمان دەهێنێت

حوزەیری 30, 2026 - 09:59
هەنگاوە مێژووییەکەی گوگڵ: وەرگێڕانی دەستبەجێ بە ژیریی دەستکرد کۆتایی بە کێشەی زمان دەهێنێت

بە یارمەتی ژیریی دەستکردی «جێمینای»، جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێی پەیوەندیکردن هەنگاو دەنێت. کۆمپانیای گوگڵ بە فەرمی گەورەترین نوێکاریی بۆ سیستەمی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ (Real-time)  ڕاگەیاند؛ ئەم سیستەمە نوێیە بە تەواوی پشت بە مۆدێلی Gemini دەبەستێت و وەک وەرگێڕێکی تایبەتی و لێهاتوو، هەمیشە و لە هەر شوێنێکدا بێت هاوڕێی بەکارهێنەران دەبێت.

گرنگترین چوار تایبەتمەندییە نوێیەکەی جێمیناى:

·      سیستەمەکە دەتوانێت گفتوگۆ و وانە ئۆنلاینەکان چرکە بە چرکە و بە زمانی جیاوازی وەک عەرەبی وەرگێڕێتە سەر شاشە، بە جۆرێک کە ژێرنووسەکە تەواو هاوتای تۆنی دەنگ و خێرایی قسەکەرەکە دەبێت.

·      لە کاتی کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنە بازرگانییەکاندا، پشتگیری لە زیاتر لە ٧٠ زمان دەکات. پرۆسەکە بەم شێوەیەیە: تۆ بە زمانی خۆت دەدوێیت و ئامادەبووانی بیانیش ڕاستەوخۆ وەرگێڕانەکەی سەر شاشە دەخوێننەوە.

·      دەتوانیت بە بەکارهێنانی هێدفۆن، بە شێوەیەکی نەبینراو و بێ ئەوەی کەس هەستت پێبکات، گوێ لە وەرگێڕانی دەستبەجێی تەواوی ئەو قسانە بگریت کە لە چواردەورتدا دەکرێن.

·      گرنگیی ئەم سیستەمە لەوەدایە کە چیتر وشە بە وشە و بە شێوازێکی ڕەقی ئامێری پێشوو وەرگێڕان ناکات؛ بەڵکو بە قووڵی لە زاراوە کولتوورییەکان، پەرتووک و دۆکیۆمێنتە فەرمییەکان تێدەگات و ناوەڕۆکەکەیان بە زمانێکی نەرم، پاراو و مرۆیی دەنووسێتەوە.

ئەم خزمەتگوزارییە نوێیانە لە ئێستادا قۆناغ بە قۆناغ بۆ بەکارهێنەران کارا دەکرێن و لە هەفتەکانی داهاتوودا بە تەواوی بۆ هەمووان بەردەست دەبن.

شایانی باسە، ئەم خزمەتگوزارییە نوێیەی گوگڵ هێشتا زمانی کوردی ناگرێتەوە و لەم قۆناغەدا ناتوانێت وەرگێڕانی دەنگی بۆ کوردی ئەنجام بدات.